شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئێران چی روویدا؟
رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرش و بۆردوومانی بنکە و ناوەندە مووشەکی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان، قوم و شیرازی ئێران بیسترا و هێرش لەسەر ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبوو.
هەواڵی هێرشکردنەسەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئیسفەهان بڵاوبووەتەوە، بەڵام میدیای فەرمیی ئێران بە فەرمی ئەوەی پشتڕاست یان رەت نەکردووەتەوە. ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی ئێرانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا بۆسەر ئیسفەهان، عەبدولحەمید رەهبەر، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران و چوار ئەندامی دیکەی سوپا کوژران.
سوپای ئیسرائیلیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، دەستی بە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرش بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە نێو خاکی ئێران کردووە و ئامانجی ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان بریتین لە "سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانە سەربازییەکانی دیکەی ئێران."
بەهۆی پچڕانی زیاتری هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و هێڵەکانی مۆبایل، گەیشتنی هەواڵ لە نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرەوە زۆر زەحمەت بووە.
ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، لە دەستپێکی هێرشەکان لە 28ـی شوباتەوە، لانیکەم هەزار و 97 هاووڵاتیی سڤیل لە نێو ئێراندا کوژراون. بەپێی داتاکانی ئەم ئاژانسە، لە کۆی ئەو ژمارە زۆرەی کوژراوان، 181 کەسیان منداڵ بوون کە تەمەنیان لە خوار 10 ساڵەوەیە. هەروەها ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 5,402 کەس، کە 100 منداڵیان لەنێودایە.
ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر ئێران چی دەڵێت؟
فەرەماندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم دەڵێ، تاوەکو ئێستا 17 کەشتی دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە و هێرشیان کردووتە سەر 2 هەزار ئامانج لەنێو ئێران.
فەرماندەییەکە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، "ئێستا هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە کەنداو، گەرووی هورموز یان دەریای عومان ناجووڵێت."
بە گوتەی فەرماندەی سێنتکۆم، زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشدارن و کەرەستە و توانای سەربازی زیاتر بەڕێوەیە.
فەرماندەی سێنتکۆم راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا ئێران لەو هێرشانەی بۆ تۆڵەکردنەوە ئەنجامیداون، زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە دوو هەزار درۆنی بەکارهێناوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران زۆر لاواز بووە و لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەتان مووشەکی بالیستی، سەکۆی مووشەکهاوێژ و درۆنی ئێرانی تێکشکێندراون.
سوپای پاسداران چی دەڵێت؟
پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەژدەیەمین راپۆرتی خۆیدا ئامادەیی هێزی زەوینی سوپای پاسدارانی لە جەنگەکە راگەیەند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزی زەوینی بە 3 ئۆپەراسیۆنی هاوکات و 230 درۆنی بومبڕێژکراو بەشداری کردووە و بنکەی ئەمریکا لە هەولێر و بنکەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بنکەکانی عەلی سەلام و عەریفجانی ئەمریکای لە کوێت کردوەتە ئامانج.
بەپێی میدیای ئێران (تەسنیم)، سوپای پاسداران جۆرە تاکتیکێکی سەربازی و بە قۆناخ بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاردەهێنێت بۆ لەنێوبردنی سیستمی دژە مووشەکییەکانیان. لە قۆناخی یەکەم، بەکارهێنانی مووشەک بە سووتەمەنی شل و کڵاوەی باراناوی و بەمجۆرە مووشەکەکان لەگەڵ تەقینەوەیان دەبنە چەند پارچە تەقەمەنی سەربەخۆ و هەربۆیە سیستمی دژە مووشەکی ناچارە چەندین دژە مووشەکی ئاراستە بکات. بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، هەر ئەمەش وای کردووە کە لە ئیسرائیل لە یەک کاتدا چەندین تەقینەوە رووبدەن. لە قوناخی داهاتوویشدا سیستەمەکانی دژە مووشەک کە سەرقاڵی تێکشکاندنن و سەرقاڵن، مووشەکەکانی دیکە بە سووتەمەنی وشک دەگەن و تێکشکاندنیان زەحمەتترە.
رێبەری نوێ بۆ ئێران دیاری کرا؟
دوای هێرشکردنەسەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، ئەو دەنگۆیە بە خێرایی بڵاوبووەوە کە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کە 88 کەسن، هەوڵی رێکخستنی کۆبوونەوەی بەپەلە و دەستنیشانکردنی رێبەری نوێی ئێرانیان داوە.
ژمارەیەک میدیا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە بەربژێربوونی حەسەن رووحانی و موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بۆ ئەو پۆستە دەکەن، بەڵام دواتر چەند سەرچاوەیەکی میدیایی رایانگەیاند، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەشێوەی ئۆنلاین کۆبوونەوەیەکیان کردووە و موجتەبا خامنەیی بە گوشاری سوپای پاسداران بە رێبەری نوێ و جێگرەوەی باوکی دەستنیشان کراوە و پێدەچێت ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمی هەواڵەکەی رابگەیێندرێ، بەڵام ئەم هەواڵە تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەستیاریی دۆخەکە، ئەنجوومەنەکەیان دەستی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و دەشڵێت، "سێیەمین رێبەری ئێران کەسێکی بەڕێوەبەر، خاوەن بڕیار و ئازا دەبێت."
موحسین تاهیری لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی رایگەیاند، "ئێمە ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێداین. نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەزایان، سەرەڕای بوونی دۆخێکی تایبەت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکە قورسەکەیان، دەستبەکاربوون بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی شۆڕش."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایان ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسێک وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیمامی موسڵمانان دیاری دەکەین، کە خاوەنی بەرزترین مەرجە پێویستەکان بێت بۆ ئەو پلە پیرۆزە."