سوپای پاسدارانی ئێران: درۆنێکمان لە ئاسمانی ئەسفەهان خستەخوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی درۆنێکی پێشکەوتووی جۆری MQ-9 لە ئاسمانی پارێزگای ئەسفەهان تێکبشکێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی سوپای پاسداران، ئەم درۆنە دوای شوێنپێهەڵگرتنی، لەلایەن "سیستمێکی نوێ و پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی هێزی بۆشایی و ئاسمانیی سوپای پاسداران" کراوەتە ئامانج و لە ئاسمانی ئەسفەهان خراوەتە خوارەوە.
 
بەر لەو راگەیێندراوەی سوپای پاسداران لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنەکە، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لەدوای یەک و زۆر بەهێز شاری ئەسفەهانیان هەژاند.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئەسفەهانەوە بڵاوکراونەتەوە، کاژێر 01:26ـی بەرەبەیان (12:56 بە کاتی هەولێر) یەکەم دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە باکووری ئەسفەهان بیستراوە، دواتریش لە کاژێر 02:00ـی پاش نیوەشەو، چوار تەقینەوەی بەهێز لە باشووری شارەکە بیستراون. 
 
شایەتحاڵەکان باس لەوە کردبوو، دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بیستراوە و چەندین خاڵی گرنگی ئەسفەهان کراونەتە ئامانج، لەوانە: چیای سەفە: کە باس لە بەکارهێنانی بۆمبی "حەشارگەشکێن" دەکرێت بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکان. نااوچەی موبارەکە و لێنجان: کە چەندین کارگەی ستراتیژیی لێیە. هەروەها شارۆچکەی بەهارستان و نەجەف ئاباد، کە بەهۆی بەهێزیی دەنگی تەقینەوەکانەوە شوشەی ماڵەکان شکاون.
 
یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی بەهارستان دەڵێت: "کاژێر 02:12 خولەک دەنگی تەقینەوەیەک هات کە هەموو شارەکەی هەژاند، شوشەی پەنجەرەکان لەرینەوە و هەموو خەڵک لە خەو راپەڕین."
 
درۆنی (MQ-9) یەکێکە لە پێشکەوتووترین درۆنەکانی ئەمریکا کە توانای 27 بۆ 36 کاژێر فڕینی بەردەوامی هەیە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پێکانی وردی ئامانجەکان بەکاردێت.
 
بەگوێرەی ئامارە جیاجیاکانی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 150 درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە خوارەوە.
 
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە، درۆنەکانی هەردوولا گۆڕەپانێکی فراوانی جەنگەکەیان داگیرکردووە.