قالیباف بۆ ئەمریکا: هەڵە نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشێکی تووند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و رایدەگەیێنێت، واشنتن بەهۆی شوێنکەوتنی فەرمانەکانی نەتەنیاهۆوە، ناوچەکە و وڵاتەکەشی بەرەو "دۆزەخ" دەبات.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: "هەنگاوە بێباکانەکانتان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هەر خێزانێکی ئەو وڵاتە دەکاتە دۆزەخێکی راستەقینە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، تەواوی ناوچەکەمان دەسووتێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێوە پێداگری دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
قالیباف هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "هەڵە نەکەن؛ ئێوە لەڕێگەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە هیچ دەستکەوتێکتان نابێت."