هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی خوزستان
رووداو دیجیتاڵ
کەمێک پێش ئێستا، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان بیستران. میدیاکانی ئێران دەڵێن، فڕۆکە زۆر بە نزمی لەسەر ئاسمانی شارەکە دەسووڕێنەوە.
بەشی پەیوەندییەکانی پارێزگای خوزستان رایگەیاند؛ هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە و تەقینەوە لە هەندێک شوێن روویداوە.
بەگوتەی پارێزگای خوزستان، دوو هێرش کراوەتە سەر دوورگەی مینو لە باکووری رۆژئاوای کەنداو.
هەروەها کۆمپانیای کەشتیوانی ئەروەندان لە شاری خوڕەمشەهر کە سەر بە کۆمپانیای کەشتیوانی ئێرانە یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە.
تائێستا زەرەر و زیانی ئەم هێرشانە بڵاو نەکراونەتەوە.
هێرشەکان لەکاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەلییوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگای خوزستان رایگەیاند؛ هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەهواز .
دوای تارانی پایتەختی ئێران، زیاترین هێرش دەکرێتە سەر شار و ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای خوزستان لە باکووری رۆژئاوای کەنداو.
پارێزگای خوزستان یەکێک لە جەمسەرە هەرە سەرەکییەکانی وزە و پیشەسازییە لە ئێران. بەشێوەیەک 80٪ نەوت و 16٪ی گازی ئێران لەم پارێزگایە بەرهەم دەهێندرێت.
هەروەها ئەم پارێزگایە بڕبڕەی پیشەسازی پێرۆکیمیای ئێرانە، بەشێوەیەک ساڵی 2025 ، هەناردەی ئێران تەنیا لە کارگەکانی پێترۆکیمیای شاری ماهشەهر زیاتر لە 29 ملیار دۆلار بووە.
جگە لە نەوت و گاز، ئەم پارێزگایە لە ئاویشدا دەوڵەمەندە و گەورەترین بەنداوی ئێران لەوێ هەڵکەوتووە. 30٪ی بەرهەمی کارۆئاوای ئێران لە بەنداوەکانی پارێزگای خوزستانە.