عێراقچی: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سوبراهمانیام جایشانکارە، وەزیری دەرەوەی هیندستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا دوایین پەرەسەندنەکان و گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی ئاماژەی بە "تاوانە قێزەونەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" کردووە دژی گەلی ئێران و رایگەیاندووە، هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتییانەکانی ئێران کە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیدان.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوامن لە هەڕەشەی ئاشکرا بۆ لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران. ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە بەرامبەر "یاساشکێنی و ئاساییکردنەوەی تاوانەکانی جەنگ".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە ئیرادەی گەل و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی و هۆشداریی دا لەوەی کە "دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی" لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێت.
سوبراهمانیام جایشانکارە، وەزیری دەرەوەی هیندستان ئاماژەی بە گرنگیی گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە دەکات کە بە ئاراستەی راگرتنی شەڕ و تووندوتیژییەکان دەدرێن.