دەنگی چەندین تەقینەوە لە ئیسفەهان و تاران بیسترا


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لەدوای یەک و زۆر بەهێز شاری ئەسفەهان و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری لە نێو جەرگەی ئێران هەژاند. هاوکات لە چەند ناوچەیەکی تارانی پایتەختیش دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئیسفەهانەوە بڵاوکراونەتەوە، کاژێر 01:26ـی بەرەبەیان بەکاتی ئیسفەهان، یەکەم دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە باکووری ئەسفەهان بیستراوە، دواتریش لە کاژێر 02:00ـی پاش نیوەشەو، چوار تەقینەوەی بەهێز لە باشووری شارەکە بیستراون. 
 
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بیستراوە و چەندین خاڵی گرنگی ئەسفەهان کراونەتە ئامانج، لەوانە:
 
چیای سەفە: کە باس لە بەکارهێنانی بۆمبی "حەشارگەشکێن" دەکرێت بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکان.
 
ناوچەی موبارەکە و لێنجان: کە چەندین کارگەی ستراتیژیی لێیە.
 
شارۆچکەی بەهارستان و نەجەف ئاباد: کە بەهۆی بەهێزیی دەنگی تەقینەوەکانەوە شوشەی ماڵەکان شکاون.
 
یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی بەهارستان دەڵێت: "کاژێر 02:12 خولەک دەنگی تەقینەوەیەک هات کە هەموو شارەکەی هەژاند، شوشەی پەنجەرەکان لەرینەوە و هەموو خەڵک لە خەو راپەڕین."
 
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر ئەسفەهان، لە کاژێر 02:20ـی بەرەبەیان، دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی تاران، لەوانە (نیاوەران، دیباجی، تارانپارس و هێرەوی) رایانگەیاندووە کە گوێیان لە دەنگی تەقینەوە بووە.
 
بەپێی راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان، فڕۆکە جەنگییەکان لە بەرزییەکی کەمدا لە ئاسمانی ئەسفەهان بینراون و بۆ ماوەی نیو کاژێر بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا سووڕاونەتەوە. هەروەها باس لە چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکرێت لە هەندێک ناوچە.