بەرپرسێکی ئێرانی: دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا بۆ دۆسیەی ئەتۆمییە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە رایدەگەیێنێت، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەت، تەنیا تایبەت دەبن بە پرسی ئەتۆمی و هیچ مژارێکی دیکە لەخۆناگرن.
 
موجتەبا فێردۆسیپور، سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە رایگەیاند، دۆسیەی ئەتۆمی مژاری سەرەکیی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە.
 
فێردۆسیپور گوتی: "چەندین جار لە لایەن ئێران، وەزیری دەرەوە و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە راگەیێندراوە کە تاکە پرسێک لەسەر مێزی دانوستاندنەکانی ئەمڕۆ (هەینی) دانراوە، پرسی ئەتۆمییە." بە گوتەی ئەو لەم قۆناخەدا "گرنگ ئەو ئەنجامانەن کە لە گفتوگۆکاندا بەدی دێن."
 
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئێران بە "چاوکراوەیی و یادەوەرییەکی بەهێزەوە" ساڵی رابردوو دەچێتە نێو دیپلۆماسییەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران داوا دەکات بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن و نووسیویەتی: "دەبێت یەکسانی، رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش ببنە مەرجی جێبەجێكردن و بنەمای رێککەوتنێکی هەمیشەیی، نەک قسەی بەتاڵ."
 
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عێراقچی و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆببنەوە.
 
ئەجێندای کۆبوونەوەکە خاڵی ناکۆکیی نێوان هەردوولایە؛ ئەمریکا داوای کردووە گفتوگۆکان لەسەر سێ تەوەر بن: دۆسیەی ئەتۆمی، راگرتنی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە.
 
لە بەرامبەردا، ئێران داوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی تاران - واشنتنی کردووە و دەیەوێت دانوستاندنەکان تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکرێن.
 
بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی مەسقەت لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری لە ناوچەکە جێگیر کردووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات، ئەگەر ئێران بە مەرجەکانی رازی نەبێت.