ئێران هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەڵێ، هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ جێگیرکردنی هێزی "نەیار" لەسەر سنوورەکانی ئێران، بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.
رۆژی هەینی، 6-3-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی " زانیاریی تەواویان" لەسەر سنوورەکان هەیە و سەرجەم جووڵەکان لەژێر چاودێریدان.
لە بەشێکی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژەکەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هۆشداری دەدەینە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە هەنگاو یان هاوکارییەک بۆ جێگیرکردنی هێزی دووژمنکار لە هێڵی سنوورییەکانی ئێران، بە تووندی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە."
گوتەبێژی بارەگاکە دەڵێ، پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە لای ئەوان رێزلێگیراوە، بەڵام هەر شوێنێک کە ئەمریکا و ئیسرائیلی لێیەوە چالاکی یان هەنگاوی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدەن، بە تووندی دەکرێتە ئامانج.