مانگی سووری ئێران: 11 بنکەمان بۆردوومان کراون و 7 کارمەندمان برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکان، 11 بنکەی مانگی سووری ئێران لە شارە جیاوازەکان زیانیان بەرکەوتووە.''
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "بنکەکانمان لە مهاباد، خومەین و ناوچەی دیکە زیانیان بەرکەتووە و بەهۆی بۆردوومانەوە لە کارکردن وەستاون."
بەپێی قسەی خالیدی، دوایین بنکەی مانگی سوور لە شاری مەهاباد لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەر بۆردوومان کەوتووە.
لەبارەی زیانی کارمەندانیشیان موجتەبا خالیدی دەڵێ: "7 کارمەندمان برینداربوون، ژمارەیەکیان چارەسەرکراون و هەندێکی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەدان.''
بەپێی ئاماری مانگی سووری ئێران، سێ ئۆتۆمبێلیشیان بەر بۆردوومانی ئیسرائیل و ئێران کەوتوون.
بەپێی ئاماری مانگی سوور، زیاتر لە سێ هەزار خانوو، 500 دووکان و شوێنی بازرگانی، 14 باڵەخانەی تەندروستی و دەرمانخانە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئێران زیانیان بەرکەوتووە، لەهەموویان زیاتر زیان بەر تاران کەوتووە.
هەروەها بازاڕی گەورەی تاران، فڕۆکەخانەی میهرئاباد کە زیاتر بۆ گەشتە نێوخۆییەکان بەکاردێت یاریگای ئازادی بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکان زیانیان بەرکەوتووە.