دەسەڵاتی دادی ئێران دەستی بەسەر سامانی 40 کەسایەتیدا گرت
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی 40 کەسایەتی لە پارێزگای هەمەدان راگەیاند و تۆمەتباریان دەکات بەوەی "هاوکاریی دووژمنانی کۆماری ئیسلامییان کردووە".
رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، ئاژانسی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای سزای سیخوڕی و هاوکاریی ئیسرائیل،
دەست بەسەر هەموو دارایی و سامانی 40 کەسایەتیی پارێزگای هەمەداندا گیراوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئەو کەسانە تۆمەتبار کراون بەوەی "هاوکاریی دەوڵەتانی دووژمنیان کردووە" و بوونەتە هۆی گەیاندنی زیانی گەورە بە ژێرخان و شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانە، زانکۆ، ناوەندە توێژینەوەکان و کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکە.
لەبارەی جۆری دەستبەسەرداگرتنەکەوە، ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەموو موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکان، خانوو، ئۆتۆمبێل و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کەسانە بلۆک کراون و هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی و بازرگانییان لێ قەدەخە کراوە". ئەمە لەکاتێکدایە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانە بڵاونەکردووەتەوە.
پێشتریش چەندین جار ماڵ و موڵکی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و هونەرمەندان بە تۆمەتی هاوشێوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێشتر و لە رۆژی 28ی نیسانی 2026، غۆلامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندبوو، "دەبێت بەبێ کەمتەرخەمی دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەدا بگیرێت کە هاوکاریی دوژمن دەکەن"، ئەوەشی وەک "داواکارییەکی بەهەقی خەڵک" ناوبردبوو.
پەرلەمانی ئێرانیش لە تەممووزی 2025دا، پرۆژەیاسای (زیادکردنی سزای سیخوڕی)ی هەموارکردەوە. بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە کە لە کاتی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەسندکرا، سزای هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دوژمن، جگە لە لەسێدارەدان، دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و موڵکێکیش دەگرێتەوە.