عەلی خامنەیی بۆ مەسعود پزیشکیان: کەڵک لە هێزی گەنج وەربگرە بۆ پێشخستنی وڵات

06-07-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم پەیامیدا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "پێشنیاز دەکەم، بەڕێز د. پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی خەڵک، بە پشتبەستن بە خودای گەورە، چاوی لە ئاسۆی بڵند و گەش بێت و لە درێژەی رێگەی شەهید رەئیسیدا لە هێزی گەنج کەڵک وەربگرێت بۆ خۆشگوزەرانی و پێشخستنی وڵات."
 
رۆژی شەممە لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە "سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو" کرد.
 
ئەو رێبەرە رایگەیاندووە: "ئامادەبوونی خەڵک لە بەرەنگاربوونەوەی بایکۆتی دەستکردی هەڵبژاردن، کە دژبەرانی میللەتی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئومێد و نەهێشتنی دەرەتان دەستیان پێکردبوو، کردەوەیەکی درەوشاوەیە کە لەبیر ناکرێت."
 
عەلی خامنەیی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەمووان بانگهێشتی "هاوکاری و بیرکردنەوەی جوان" دەکات بۆ پێشکەوتن و زیادبوونی کەرامەتی وڵات.
 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
 
زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردبوو؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 49.8%یان دەنگیان دا و مەسعود پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرکەوت.
 
"باشترە کردەوە رکابەرییەکانی کاتی هەڵبژاردن بۆ هاوڕێیەتی بگۆڕدرێن و هەر کەسێک بەپێی توانای خۆی بۆ ئاوەدانیی وڵات تێبکۆشێت." رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وای گوت.
 
لە کۆتایی پەیامەکەی عەلی خامنەییدا هاتووە: "پێشنیاز دەکەم، بەڕێز د. پزیشکیان سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی خەڵک، بە پشتبەستن بە خودای گەورە، چاوی لە ئاسۆی بڵند و گەش بێت و لە درێژەی رێگەی شەهید رەئیسیدا، لە توانا بەرفراوانەکانی وڵات، بەتایبەتی هێزی مرۆیی گەنج، شۆڕشگێڕ و باوەڕمەند، کەڵک وەربگرێت، بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک و پێشخستنی وڵات."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە