سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز چاوەڕێی هێزەکانی ئەمریکا دەکەین
رووداو - دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، چاوەڕێی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە یاوەریی کەشتییەکان بکەن لە گەرووی هورمز؛ ئەو رێڕەوە ستراتیژییەی کە بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە هاتووچۆی کەشتییەکان تێیدا پەکیکەوتووە.
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ئامادەبوونی ئەوانین."
ئەم لێدوانەی نائینی دوای ئەوە هات کە وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا "هەر کاتێک دۆخەکە گونجاو بێت."
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی (فارس)، نائینی هۆشداریی داوەتە واشنتن و گوتوویەتی: "پێشنیاز دەکەین ئەمریکییەکان پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەن، سووتانی کەشتیی نەوتهەڵگری (بریدجتۆن) لە ساڵی 1987 و ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دیکەیان بیربێتەوە کە لەم دواییانەدا کرانە ئامانج."