موحسین رەزایی: فەرمانی کۆتاییهێنانی جەنگ لە دەستی ئێراندایە


رووداو دیجیتاڵ

موحسین رەزایی، ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند کە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە گرژییەکان لەگەڵ ئێران گۆڕاوە و جەختی کردەوە کە "دۆخەکە لە ئەمڕۆوە خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە."
 
موحسین رەزایی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا داوای کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگ دەکەن، چونکە ئابووریی وڵاتەکانیان بەهۆی ئەم ململانێیەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
 
رەزایی لەبارەی وڵاتانی ئەورووپا ئاماژەبەوەدەکات: "ئەو وڵاتانە پێشتر زەوینەسازییان کرد بۆ ئەوەی ئەمریکا هان بدەن بێتە ناو جەنگ دژی ئێران، بەڵام ئێستا کە دەبینن جیهان ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکات، هەڵوێستیان گۆڕیوە."
 
ئەو فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، ئاماژەی بەوە کرد کە نەیارانی ئێران هەڵەیان لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا کردووە و دەڵێت: "دوژمن وایدەزانی لەماوەی ٤٨ کاژێر کارەکە کۆتایی دێت، بەڵام ئێستا دەبینن کە فەرمانی کۆتاییهێنانی جەنگ لە دەستی ئێراندایە و ئێمەین بڕیاردەدەین."
 
رەزایی باسی لە ناوخۆی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، ئەو کەسانەی پێشتر ناڕەزایەتییان هەبووە، ئێستا خەریکە هەڵوێستیان دەگۆڕن، چونکە "نایانەوێت لە بەرەی تڕەمپ و نەتانیاهۆدا بن کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی ئێران."
 
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی داوای لە هاووڵاتیان کرد چەند شەوی داهاتوو بە جدی بگرن و بە ئامادەبوونیان لە مەیدانەکان و مزگەوتەکان، پشتگیری لە وڵاتەکەیان بکەن. گوتیشی: "ئامادەیی خەڵک بەشێکی سەرەکییە لە بەرگریی ئێمە؛ مووشەک و فڕۆکە و هێزە چەکدارەکان لە شوێنی خۆیان، بەڵام پشتگیری خەڵکە کە سەرکەوتنەکە تەواو دەکات."