سێنتکۆم: سێ هەزار شوێن لە نێوخۆی ئێران بۆردوومان کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێ دەنێتە هەفتەی دووەمی خۆیەوە. لەبارەی مەترسییەکانی درێژبوونەوەی جەنگەکە، دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بن تاوەکو ئامانجەکانیان دەپێکن.
 
زیانەکانی ئێران: پتر لە 3000 ئامانج پێکراون
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا پتر لە 3000 شوێن لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کراون. زیانەکان بەم شێوەیەن:
 
هێزی دەریایی: تێکشاندنی 43 کەشتیی جەنگیی ئێرانی
 
ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury": ئەمریکا ئەم ناوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوە کە تێیدا ناوەندەکانی بڕیاردان، بارەگاکانی سوپای پاسداران، هێزی ئاسمانی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کارگەکانی مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج.
 
شەڕ لەسەر ئاستی سەرکردایەتی
 
بەپێی زانیارییەکان، هەر لە رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە. جگە لەوەش دەیان سەرکردەی سیاسی و سەربازیی دیکە کوژراون لەوانە:
 
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری پێشووی بەرگری و مەجید ئیبنولڕەزا، وەزیری نوێ.
 
عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
 
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران و عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵا.
 
تێچووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران
 
ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی 2700 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بەکار هێناوە:
 
درۆنی شاهێد-136: تێچووی هەر دانەیەکیان لە نێوان 20 هەزار بۆ 50 هەزار دۆلاردایە.
 
مووشەکی بالیستیک: تێچووی هەر دانەیەکیان لە چەند سەد هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو چەند ملیۆن دۆلارێک.
 
تێچووی ئەمریکا: 6 ملیار دۆلار لە هەفتەیەکدا
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بە کۆنگرێسی راگەیاندووە کە تەنیا هەفتەی یەکەمی شەڕ، 6 ملیار دۆلار لە بودجەی ئەمریکای بردووە:
 
خەرجیی رۆژانە: پەیمانگەی (CSIS) ئاشکرای کردووە کە 100 کاژێری یەکەمی شەڕ 3.7 ملیار دۆلار تێچووی هەبووە، ئەمەش واتە نزیکەی 891 ملیۆن دۆلار بۆ هەر رۆژێک.