ئێران: مووشەکێکی نوێمان دژی ئیسرائیل بەکارهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، جۆرێکی نوێی مووشەکی بالیستیی بەناوی "ئیعتماد" بەکارهێناوە، کە جۆرێکی زۆر پێشکەوتووی مووشەکی "عیماد"ە. بەرپرسانی سەربازیی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، لە رۆژانی داهاتوودا چەکی نوێ و تەکنەلۆژیای پەرەپێدراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان بەکاردەهێنن.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەم مووشەکە دیزاینەکەی لە یەک قووچەکییەوە گۆڕدراوە بۆ سێ قووچەکی و باڵە رێنماییکارەکانی پەرەیان پێدراوە، ئەمەش وادەکات مووشەکەکە لە رادارەکان خۆی بدزێتەوە و رێگریلێکردنی لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانەوە زۆر قورستر بێت.
 
وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی مووشەکی ئیعتماد، بەردەوامین لە بەکارهێنانی مووشەکەکانی وەک "خەیبەرشکن" و "فەتاح،" کە مەودای رۆیشتنیان لەنێوان 1400 بۆ 1800 کیلۆمەتردایە و توانای پێکانی ئامانجەکانیان لە قووڵایی خاکی ئیسرائیل دا هەیە.