سوپای پاسداران: ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیین

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەکو رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند و جەختی لە "گوێڕایەڵیی تەواو" بۆ فەرمانەکانی کردەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 18ی ئازاری 2026 سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سوپا وەکو سەرباز و قۆڵی بەهێزی ویلایەت، وێڕای پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانەکان و قوربانیدانە لەژێر سایەی رێبەریی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی."
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەکو جێگرەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، "هەڵاتنی خۆرێکی دووبارە و دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە شۆڕشی ئیسلامیدا،" کە دەبێتە هۆی دڵنەوایی گەلی ئێران دوای کۆچی دوایی رێبەری پێشوو.
 
سوپای پاسداران ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی وەک "فەقێیەکی لێهاتوو، بیرمەندێکی گەنج و شارەزاترین کەس لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان" وەسف کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەڵبژاردنە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستادا سەلماندی کە "جووڵەی سیستمی ئیسلامی ناوەستێت و شۆڕش و دەسەڵات بەستراو بە کەسێکەوە نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات پەیڕەوی لە وەسیەتەکەی ئیمام خومەینی بکەن، "پشتیوانی ویلایەتی فەقیهـ بن بۆ ئەوەی وڵات لە زیان و مەترسییەکان پارێزراو بێت."