پزیشکیان: لە سایەی رێبەری نوێدا ئێران بگاتە ئاسۆیەکی گەشاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ، قۆناخێکی نوێ لە سەروەری و دەسەڵاتی گەلی ئێران دەستپێدەکات.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
 
لە پەیامەکەیدا، پزیشکیان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەڵبژاردنە بە "دەنگی یەکلاکەرەوە و هۆشیارانەی" ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری (مەجلیسی خوبەرەگان) بووە، بۆ شوێنگرتنەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی.
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە بە نرخە، رەنگدانەوەی ئیرادەی ئومەتی ئیسلامییە لە چەسپاندنی یەکڕیزی نیشتمانی؛ ئەو یەکڕیزییەی کە وەک بەربەستێکی پتەو، گەلی ئێرانی لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان پاراستووە."
 
پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە دەستکەوتەکانی رێبەری پێشوو کردووە و رایگەیاندووە، ئەو بنەماو دەستکەوتانە دەبنە هەوێنێک بۆ ئەوەی لە سایەی رێبەری نوێدا، ئێران بگاتە ئاسۆیەکی گەشاوە لە سەربەخۆیی، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
 
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی سەرەڕای "دەستدرێژییە دڕندانەکانی رژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا"، بەهۆی خۆڕاگری گەل و هێزە چەکدارەکان و بە رێبەرییەکی حەکیمانە، لەسەر رێڕەوی پێشکەوتن بەردەوامدەبێت.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسعود پزیشکیان هیوای سەرکەوتنی بۆ ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی خواستووە لە پاراستنی یەکڕیزی و بنیادنانی ئێرانێکی پێشکەوتوو و سەربەخۆ.