ئێران کوژرانی بەرپرسێکی باڵای دیکەی سەربازی پشتڕاستکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئێران بە فەرمی کوژرانی سەردار ئەبولقاسم بابائیان، سەرۆکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای پشتڕاستکردەوە؛ کەسێک کە تەنیا چەند رۆژێک پێشتر جێگەی بەرپرسێکی دیکەی کوژراوی گرتبووەوە.
 
سەردار حەسەنزادە، فەرماندەی سوپای محەممەد رەسووڵەڵڵای تاران، کوژرانی سەردار ئەبولقاسم بابائیانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، سبەی چوارشەممە لە تاران رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ بەڕێوەدەچێت.
 
حەسەنزادە ئاماژەی بەوە کرد، لە رێوڕەسمەکەدا تەرمی ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای دیکەش بەڕێدەکرێن کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کوژراون، لەوانە: "عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان؛ محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران؛ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری؛ عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری؛ محەممەد شیرازی، سەرۆکی نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەروەها سەردارانی وەک دەڕەباغی، عەلی تاجیک، داوود عەسکەری، حوسێنیی مومتەڵەق، هیلالی و رەزائیان."
 
پێشتر لە رۆژی 8-3-2026، ئیلا واویا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو "ئەبولقاسم بابائیان، سەرۆکی نووسینگەی سەربازیی خامنەیی و فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا کوژراوە."
 
دوای هێرشەکەی رۆژی شەممە (28-2-2026) و کوژرانی محەممەد شیرازی، بابائیان لە شوێنی ئەو دەستبەکار ببوو.
 
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا بە باڵاترین قەرارگە و فەرماندەییی سەربازی لە ئێران دادەنرێت. ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە چاودێری و هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا و راستەوخۆ سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و نووسینگەی رێبەری باڵای ئێران (بەیتی رەهبەری)ـیە.