بارزگانیکردن بە سمۆرە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و نرخی سمۆرەیەک نزیکەی 70 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دارستانی زاگرۆس چەند کەسێک لە باخ و دارستان سمۆرە دەگرن بە 70 دۆلار دەیفرۆشن، ژینگەپارێزانیش کەمپەین دەکەن و بە پارە دەیکڕنەوە و ئازادیان دەکەن.
ئەو کەسانەی سمۆرەکان دەگرن بنی دارێک کوون دەکەن و، گوێنی لێ دەبەستن، لە سەریشەوە ئاگر لە دارەکە بەردەدەن، بەو شێوەیە سمۆرەکان زۆریان بۆ دێت و لەتاو ئاگر و سووتان بەرەو رووی ئەو کونە دەچن.
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ژینگەپارێزێک هەوڵدەدات خێزانێک رازی بکات بۆ ئەوەی سمۆرەیەک ئازاد بکەن. لێیان دەپاڕێتەوە. نرخی سمۆرەیەک لە نێوان ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ 2 ملیۆن تمەن، واتە نزیکەی 70 دۆلار.
هۆکارێکی ئەو جۆرە کارانە لاوازبوونی یاسایە، سزای قاچاخی سمۆرە کەمتر لە قازانجەکەیەتی. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بێترس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلام بۆ فرۆشتنی سمۆرە دەکەن.