وەزیری نەوتی ئێران لەبەر بەکارهێنانی گازی کەمتر داوا دەکات خەڵک "جلوبەرگی گەرم" لەبەر بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرما و کەمیی گاز خەریکە تاران رووبەڕووی کێشەیەکی گشتی دەکاتەوە. راگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە وەزیری نەوت داوای لە جێگری سەرۆککۆمار کردووە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پشوو رابگەیێنرێت، گەرچی ئەم هەواڵە رەتکرایەوە، بەڵام لەم رۆژانەدا قوتابخانە و فەرمانگەکانی لانیکەم 13 پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی گازەوە داخراون و کاتی دەوامی هەندێکی دیکەش کەم کرایەوە.
دابینکردنی گازی ماڵان بۆ حکومەت کاری لەپێشینەیە. تەنیا رێگەچارەی بەرپرسانی ئێران ئەوەیە داوا لە خەڵک بکەن دەست بە بەکارهێنانی گازەوە بگرن.
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، "نزیکەی 26 ملیۆن هاوبەشی گازمان هەیە، ماڵان، بازرگانی و پیشەسازی. تکامان لێیان کرد، خەڵک رەچاوی بەکارهێنان بکەن. داوامان لە خەڵک کرد پەردەی ئەستوور بەکاربێنن. هەوا ساردە و رەنگە وردە وردە گوشاری گازیش کەم بێتەوە. سۆپای زیادە بکوژێننەوە. پلەی گەرمای ماڵی ئێمە 21 یان 22 پلەیە. من کاتێک دەچمە ماڵەوە جلوبەرگی گەرم لەبەر دەکەم و گۆرەوی لە پێ دەکەم."
ئێران لە ئاستی جیهانیدا دووەمین سەرچاوەی گازە، بەڵام پلەی 16ەیەمینی لە هەناردەدا هەیە. ئێران نەیتوانیوە سوود لەو سەرچاوەیە وەربگرێت، ئەمەش هەندێک هۆکاری هەیە، لەوانە خراپ ئیدارەدان، کۆنبوونی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی گاز، گوشارە نێودەوڵەتییەکان و گۆشەگیری ئێران لە ئاستی جیهانیدا. بۆیە نەک تەنیا لە هەناردەدا کێشەی هەیە، بەڵکو وەڵامدەری پێویستییەکانی ناوخۆش نییە.
مێهرشاد دەستووریان، شارەزای ناوەندی ستراتیژی گازی ئێران دەڵێت: "لە سێ هەفتەی رابردوودا لە بەشی ماڵان، بازرگانی و پیشەسازیی ورد زیاتر لە 600 ملیۆن مەتری سێجا گاز بەکارهاتووە، واتە زیاتر لە 70% گاز لەم بوارەدا بەکارهاتووە."
حکومەت بۆ دابینکردنی گازی ماڵان، کە گەرمای خەڵک لەم وەرزە ساردەدا لەم رێگەیەوە دابین دەبێت، کارگە و کارخانە گەورەکانیشی داخستووە، کە زیانێکی گەورەی ئابووری بەو وڵاتە دەگەیێنێت. پیشەسازی پترۆکیمیایی ئێران کە لەم ساڵانەدا سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتە بووە و بەپێی راپۆرتی وەزارەتی نەوت ساڵانە نزیکەی 23 ملیار دۆلار داهاتی هەیە، بەڵام بڕینی گاز دەتوانێت کێشەیان بۆ بخوڵقێنێت. هەروەها پیشەسازی بەرهەمهێنانی پۆڵا و چیمەنتۆش بەوجۆرەیە.
ئەو پیشەسازییانە بۆ درێژەدان بە چالاکییان نەوتی رەش دەسوتێنن کە ئەوەش ژینگەی شارەکانی پیس و تەندروستی خەڵکی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.
چارەسەربوونی ئەم دۆخەش پێویستیی بە سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی گاز، باشترکردنی ژێرخانەکانی گواستنەوە و دەستپێوەگرتنە و بەکارهێنانی گاز لەلایەن خەڵک تاوەکو کارگە و کارخانە گەورەکان.