ئێران داوا لە وڵاتانی ئەورووپی دەکات لە پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران پاشگەز ببنەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکات لە هەڵوێستەکانیان لەبارەی پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە پاشگەز ببنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 12-01-2026 باڵیۆزی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە تاران بانگکرانە وەزارەتی دەرەوەی ئێران. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە ڤیدیۆکەشی بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵێک ڤیدیۆی تووندوتیژی خۆپێشاندانەکان پێشانی باڵیۆزی ئەو وڵاتانە دراوە و پێیانگوتراوە، خۆپێشاندانەکان سنووری ئاشتییانەبوونیان تێپەڕاندووە و لەلایەن بەشێک لە خۆپێشاندەرانەوە تووندوتیژی کراوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، داوا لە باڵیۆزی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کراوە، ڤیدیۆکان بگەیێننە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان و داوایان لێ بکەن، لە هەڵوێستی پشتگیریکردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران پاشگەز ببنەوە و لە هەموو ئەو قسانە پاشگەزببنەوە لەو بارەوە کردوویانە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە باڵیۆزی وڵاتانی ئەورووپی گوتراوە، پشتگیری سیاسی و میدیایی لە خۆپێشاندانەکان بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئێران دەزانن و قبووڵی ناکەن.
 
سەرۆکی فەرەنسا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی هەینی 9ـی مانگ سەرکۆنەی تەقەکردن و کوشتنی خۆپێشاندەرانیان کرد لە ئێران و داوایان کرد، دەسەڵاتی ئێران رێز لە مافی خەڵک بگرێت. جگە لەوان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسانی ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەورووپیش پشتگیرییان لە خۆپێشاندەران کردووە.