موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم پەیامی دا دوای دەستنیشانکردنی وەک رێبەری نوێ، رایگەیاند کە لەسەر رێبازی باوکی بەردەوام دەبێت. جەخت لە بەردەوامیی شەڕ و داخستنی تەنگەی هورمز دەکاتەوە و دەڵێت "تۆڵەی خوێنی باوکم و شەهیدان دەکەینەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 11ی ئازاری 2026، موجتەبا خامنەیی پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لە دەستپێکی پەیامەکەی دا پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو لە کاتی خوێندنەوەی قورئان دا لە مانگی رەمەزاندا "شەهید بووە".
 
موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کرد و گوتی: "منیش وەک ئێوە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە لە ئەنجامی دەنگدانی ئەنجوومەنی شارەزایان ئاگادار بوومەوە. جێنشینیکردنی کەسایەتییەکی وەک ئیمام خومەینی و خامنەیی کارێکی قورسە، بەڵام بە پشتیوانی خودا و گەل ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرم."
 
رێبەری نوێی ئێران پەردەی لەسەر زانیارییەک لەبارەی ئەندامانی خێزانەکان لادا و رایگەیاند، کە تەنیا باوکی نەکوژراوە، بەڵکو لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا "هاوسەرەکەی، خوشکەکەی و منداڵەکەی خوشکەکەی، لەگەڵ زاوایەکیان" گیانیان لەدەستداوە و روویکردە خەڵکی ئێران و گوتی: "منیش وەک ئێوە داخدارم."
 
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا بۆ هێزە چەکدارەکان و "بەرەی بەرگری" (موقاوەمە)، جەختی لە چەند "خاڵێکی ستراتیژی" کردەوە:
 
لەبارەی داخستنی تەنگەی هورمز رایگەیاند کە دەبێت فشارەکان و بەکارهێنانی کارتی داخستنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی کاریگەر بەردەوام بێت.
 
کردنەوەی بەرەی نوێ؛ موجتەبا خامنەیی دەڵێت کە لێکۆڵینەوە کراوە بۆ کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ لەو شوێنانەی کە دووژمن تێیدا لاوازە.
 
تۆڵەکردنەوە؛ رێبەری نوێ دەڵێت کە "دۆسیەی تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکم و منداڵانی ئێران دانەخراوە"، بە تایبەت ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی "شەجرەی تەیبە" لە میناب کرد.
 
هۆشداریی تووند بۆ وڵاتانی ناوچەکە
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، رێبەری نوێی ئێران روویکردە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و گوتی: "ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین، بەڵام ئەو وڵاتانەی رێگەیان داوە خاکەکەیان و بنکە سەربازییەکانیان دژی ئێمە بەکاربهێنرێت، دەبێت باجەکەی بدەن."
 
داوای لێکردن هەرچی زووترە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان دابخەن.
 
موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراقی کرد و رایگەیاند کە ئەوان بەشێکی جیانەکراوەن لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی و پێکەوە بەرەو لەناوبردنی "فیتنەی زایۆنی" هەنگاو دەنێن.
 
لە کۆتایی پەیامەکەی دا، داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و بەشدارییەکی فراوان لە رۆژی قودس دا بکەن بۆ نیشاندانی هێزی وڵاتەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
 
دەقی گوتارەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
 
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
 
«مَا نَنسَخْ مِنْ ءَآیَةٍ أَوْ نُنسِهَا نَأتِ بِخَیْرٍ مِّنْهَآ اَوْ مِثْلِها»
 
سڵاو لە تۆ ئەی بانگەوازکاری ڕێگەی خوا و پەروەردەگاری ئایەتەکانی، سڵاو لە تۆ ئەی دەروازەی خوا و دادوەری ئایینەکەی، سڵاو لە تۆ ئەی جێنشینی خوا و یاریدەدەری حەقەکەی، سڵاو لە تۆ ئەی حوجەی خوا و نیشاندەری ویستەکەی؛ سڵاو لە تۆ ئەی پێشەنگی جێگەی ئومێد؛ سڵاوێکی گشتگیرت لێ بێت؛ سڵاو لە تۆ ئەی مەولای من، خاوەنی سەردەم (صاحب الزمان).
 
لە سەرەتای قسەکانمدا، دەبێت سەرەخۆشی لە مەولای خۆم (عەجەلەڵڵا تەعالا فەرەجەه) بکەم بەبۆنەی شەهیدبوونی دڵتەزێنی ڕێبەری مەزنی شۆڕش، خامنەیی ئازیز و حەکیم، و داوای دوعای خێر لەو حەزرەتە دەکەم بۆ یەکە یەکەی گەلی مەزنی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو موسڵمانانی جیهان و هەموو خزمەتگوزارانی ئیسلام و شۆڕش و ئیتارگەران و پاشماوەی شەهیدانی نەهزەتی ئیسلامی و بەتایبەت جەنگی ئەم دواییانە و بۆ خۆی ناچیزی خۆشم.
 
بەشی دووەمی قسەکانم لەگەڵ گەلی مەزنی ئێرانە. سەرەتا دەبێت بارودۆخ و هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە دەنگی ئەنجومەنی ڕێزدارانی شارەزایان (خبرگان) بە کورتی ڕابگەیەنم. من، ئەم خزمەتگوزارەی ئێوە سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، هاوکات لەگەڵ ئێوە و لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەنجامی دەنگی ئەنجومەنی شارەزایان ئاگادار بوومەوە. بۆ بنده، پاڵدانەوە بەو جێگەیەی کە شوێنی دانیشتنی دوو پێشەوای مەزن، خومەینی کەبیر و خامنەیی شەهید بووە، کارێکی سەختە. چونکە ئەم کورسییە مێژووی دانیشتنی کەسێکی هەیە کە دوای زیاتر لە ٦٠ ساڵ تێکۆشان لە پێناو خودا و وازهێنان لە جۆرەها چێژ و حەسانەوە، بووە بە گەوهەرێکی درەوشاوە و سیمایەکی دەگمەن نەک تەنیا لە سەردەمی ئێستادا بەڵکو لە درێژایی مێژووی فەرمانڕەوایانی ئەم وڵاتەدا. هەم ژیانی و هەم جۆری مردنی ئاوێتەی شکۆ و عەزەتێک بوو کە سەرچاوەکەی پشت بەستن بوو بە حەق.
 
من ئەو تۆفیقەم هەبوو کە تەرمی بەڕێزیان دوای شەهیدبوون زیارەت بکەم؛ ئەوەی دیم کێوێک بوو لە سەقامگیری و بیستم کە مستی دەستە ساغەکەی گرێدابوو. سەبارەت بە ڕەهەندە جیاوازەکانی کەسایەتی بەڕێزیان، دەبێت شارەزایان ماوەیەکی زۆر قسە بکەن. لەم دەرفەتەدا تەنها بەم کورتەیە واز دەهێنم و وردەکارییەکان بۆ کاتە گونجاوەکانی دیکە دەهێڵمەوە. ئەمەیە هۆکاری سەختی پاڵدانەوە بە کورسی ڕێبەری دوای کەسێکی وەها؛ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە تەنها بە یارمەتی خوای حەق و پشتیوانی ئێوەی گەل دەکرێت.
 
لە درێژەدا، پێویستە جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەسڵی قسەکانی منەوە هەیە. ئەو خاڵەش ئەوەیە کە لە جملەی هونەرەکانی ڕێبەری شەهید و پێشینە گەورەکەی (سلف کبیر)، بەشدارکردنی خەڵک بوو لە هەموو کایەکاندا و پێدانی بەردەوامی بەسیرەت و ئاگایی بوو بەوان و لە ئاستی کردەوەشدا پشت بەستن بوو بە هێزی گەل. ئەوان بەم شێوەیە مانای ڕاستەقینەی جەماوەر و کۆماریبوونیان هێنایە دی و لە قووڵایی دڵیشەوە باوەڕیان پێی هەبوو. کاریگەری ڕوونی ئەم بابەتە لەم چەند ڕۆژەی کە وڵات بێ ڕێبەر و بێ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بوو، بینرا. بەسیرەت و زیرەکی گەلی مەزنی ئێران لە ڕووداوەکەی ئەم دواییەدا و خۆڕاگری و ئازایەتی و ئامادەیی، دۆستی ناچار بە تەحسین و دوژمنی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئەمە ئێوەی گەل بوون کە وڵاتتان ڕێبەری کرد و باڵادەستی و دەسەڵاتەکەیتان مسۆگەر کرد. ئەو ئایەتەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا هێنامە، بەو مانایەیە کە هیچ نیشانەیەک (ئایەت) لە نیشانە خوداییەکان نییە کە یان کاتەکەی تەواو بێت یان بە فەرامۆشی بسپێردرێت، ئیلا لەلایەن خوای گەورە و باڵاوە، هاوشێوەی ئەو یان باشتر لەوە لە شوێنی دادەنرێت.
 
مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە نییە کە ئەم بەندەیە لە ئاستی ڕێبەری شەهیددا بم، چ جای ئەوەی بخوازم خۆم بە باشتر لەو دابنێم؛ بەڵکو مەبەست لە هێنانەوەی ئایەتەکە سەرنجخستنە سەر ڕۆڵی گونجاو و دیاری ئێوەی گەلی ئازیزە. ئەگەر ئەو نیعمەتە مەزنەمان لێ سەندرایەوە، لە شوێنیدا جارێکی دیکە ئامادەیی "عەمارئاسا"ی گەلی ئێران بەم ڕژێمە بەخشرا. ئەوە بزانن ئەگەر هێزی ئێوە لە گۆڕەپانەکەدا دەرنەکەوێت، نە ڕێبەری و نە هیچ کام لە دەزگا جیاوازەکان کە ئەرکی ڕاستەقینەیان خزمەتکردنی خەڵکە، کارایی پێویستیان نابێت. بۆ ئەوەی ئەم مانایە باشتر بێتە دی، سەرەتا دەبێت یادی خوای تەبارەک و تەعالا و تەوەکول لەسەر بەڕێزیان و پەنابردن بۆ تیشکە پاکەکانی مەعسومەکان (سڵاوی خوایان لێ بێت) وەک "ئەکسیرێکی مەزن" و "کبریت احمر" سەیر بکرێت کە گەرەنتی کەرەوەی جۆرەها کرانەوە و سەرکەوتنی یەکجارییە بەسەر دوژمندا. ئەمە سوودێکی گەورەیە کە ئێوە هەتانە و دوژمنەکانتان نییانە.
 
دووەم، نابێت هیچ درزێک بکەوێتە یەکڕیزی نێوان تاکەکان و چینەکانی گەل کە بەزۆری لە کاتی تەنگانەدا دەردەکەوێت. ئەمەش بە چاوپۆشیکردن لە خاڵە جیاوازەکان بەدەست دێت.
 
سێیەم، دەبێت ئامادەیی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەدا بپارێزرێت؛ چ بەو شێوەیەی لەم ڕۆژ و شەوانەی جەنگدا لە خۆتان نیشاندا و چ بە شێوەی جۆرەها ڕۆڵگێڕانی کاریگەر لە کایە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی، کولتووری و تەنانەت ئەمنییەکاندا. گرنگ ئەوەیە ڕۆڵی دروست، بێ زیانگەیاندن بە یەکڕیزی کۆمەڵایەتی بە باشی تێبگەین و تا دەکرێت جێبەجێ بکرێت. یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەری و هەندێک لە بەرپرسانی دیکە وەبیرهێنانەوەی هەندێک لەم ڕۆڵانەیە بە تاکەکان یان چینەکانی کۆمەڵگا. لەم ڕووەوە، گرنگی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی قودسی ١٤٤٧ وەبیر دەهێنمەوە کە دەبێت ڕەگەزی "دوژمن شکاندن" تێیدا جێگەی سەرنجی هەمووان بێت.
 
چوارەم، لە یارمەتیدان و دەستگرتنی یەکدی درێغی مەکەن. سوپاس بۆ خوا سیفەتی هەمیشەیی زۆربەی ئێرانییەکان هەر ئەمە بووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژە تایبەتانەدا کە بێگومان بۆ هەندێک لە تاکەکانی گەل سەختتر لەوانی تر دەگوزەرێت، ئەم بابەتە زیاتر ڕەنگ بداتەوە. لەم دەرفەتەدا داوا لە دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە لەم ئاراستەیەدا لە هیچ یارمەتی و هاوکارییەک بۆ ئەو تاکە ئازیزانەی گەل و بۆ پێکهاتە جەماوەرییە فریاگوزارییەکان درێغی نەکەن.
 
ئەگەر ئەم لایەنانە ڕەچاو بکرێن، ڕێگەی گەیشتنی ئێوەی گەلی ئازیز بە ڕۆژانی مەزنی و شکۆ هەموار دەبێت. نزیکترین نموونەی ئەوە دەتوانێت بە ئیزنی خودا سەرکەوتن بێت بەسەر دوژمندا لە جەنگی ئێستادا.
 
بەشی سێیەمی قسەکانم، سوپاسی دڵسۆزانەی جەنگاوەرە ئازاکانمانە کە لە بارودۆخێکدا کە گەل و نیشتمانی ئازیزمان بە مەزڵوومانە کەوتووەتە بەر هێرشی سەرانی بەرەی ئیستکبار، بە لێدانە کوشندەکانیان ڕێگەیان لە دوژمن گرتووە و ئەوانیان لە وەهمی ئەگەری زاڵبوون بەسەر نیشتمانی ئازیز و ئەگەرنا دابەشکردنی، دەرهێناوە.
 
برا جەنگاوەرە ئازیزەکان! ویستی جەماوەری خەڵک، بەردەوامبوونی بەرگری کاریگەر و پەشیمانکەرەوەیە. هەروەها بێگومان دەبێت هێشتا ئامرازی داخستنی گەرووی هورمز بەکاربهێنرێت. سەبارەت بە کردنەوەی بەرەکانی دیکە کە دوژمن تێیدا ئەزموونی کەمی هەیە و بە توندی تێیدا لاواز دەبێت، لێکۆڵینەوە کراوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی جەنگ و لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان، چالاک دەکرێن.
 
هەروەها سوپاسی دڵسۆزانەی جەنگاوەرانی بەرەی بەرگری (جبهە مقاومت) دەکەم. ئێمە وڵاتانی بەرەی بەرگری بە باشترین دۆستی خۆمان دەزانین و پرسی بەرگری و بەرەی بەرگری، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی. بێگومان هاوکاری پارچەکانی ئەم بەرەیە لەگەڵ یەکدی، ڕێگەی ڕزگاربوون لە فیتنەی زایۆنی کورتتر دەکاتەوە؛ هەروەک بینیمان یەمەنی ئازا و ئیماندار دەستی لە بەرگری لە خەڵکی مەزڵوومی غەززە هەڵنەگرت و حزبوڵڵای فیداکار سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکان بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە هات و بەرگری عێراقیش ئازایانە هەمان ڕێگەی گرتووەتە بەر.
 
لە بەشی چوارەمدا، ڕووی دەمم لەو کەسانەیە کە لەم چەند ڕۆژەدا بە جۆرێک زیانیان پێگەیشتووە. چ ئەوانەی داخی شەهیدبوونی ئازیزێک یان ئازیزانیان تاقی کردووەتەوە؛ چ ئەوانەی بریندار بوون و چ ئەو کەسانەی کە زیان بە ماڵ و حاڵیان یان شوێنی کارەکەیان گەیشتووە. لەم بەشەدا سەرەتا هاوسۆزی قووڵی خۆم بۆ پاشماوەی شەهیدە پلەبەرزەکان ڕادەگەیەنم؛ ئەمەش لەسەر بنەمای ئەزموونێکی هاوبەشە کە من لەگەڵ ئەم گەورانەدا هەمە؛ جگە لە باوکم کە داخی لەدەستدانی بەڕێزیان بووە بە پرسێکی گشتی، هاوسەری ئازیز و وەفادارم کە ئومێدی زۆرم پێی هەبوو، و خوشکە فیداکارەکەم کە خۆی بۆ خزمەتکردنی دایک و باوکی تەرخان کردبوو و لە کۆتاییدا پاداشتی خۆی وەرگرت، هەروەها منداڵە بچووکەکەی و هاوسەری خوشکەکەی دیکەم کە مرۆڤێکی زانا و شەریف بوو، سپاردووە بە کاروانی شەهیدان. بەڵام ئەوەی ئارامی بەرامبەر بە نەهامەتییەکان دەبەخشێت و تەنانەت ئاسانی دەکات، سەرنجدانە بە بەڵێنی حەتمی و بێگومانی خودایی بۆ پاداشتێکی گەورە بۆ ئارامگران. بۆیە دەبێت ئارام بگرین و ئومێد و متمانەمان بە لوتف و دەستگیری خوای گەورە و باڵا هەبێت.
 
دووەم، ئەم دڵنیاییە بە هەمووان دەدەم کە ئێمە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانتان خۆش نابین. ئەو تۆڵەیەی لەبەرچاومانە تەنها پەیوەندی بە شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشەوە نییە؛ بەڵکو هەر ئەندامێکی گەل کە لەلایەن دوژمنەوە شەهید دەکرێت، خۆی بابەتێکی سەربەخۆیە بۆ مەلەفی تۆڵەسەندنەوە. بێگومان بڕێکی کەم لەم تۆڵەیە تا ئێستا هاتووەتە دی بەڵام تا ئاستی تەواوەتی بەدەست نەیەت، هێشتا ئەم مەلەفە لەسەر مەلەفەکانی تر دەمێنێتەوە و بەتایبەت بەرامبەر خوێنی منداڵەکانمان هەستیارییەکی زیاترمان دەبێت. بۆیە ئەو تاوانەی کە دوژمن بە ئەنقەست دەرهەق بە قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە میناب و هەندێک حاڵەتی هاوشێوە ئەنجامی داوە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەم بەدواداچوونەدا.
 
سێیەم، بێگومان دەبێت بریندارانی ئەم هێرشانە خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو بەخۆڕایی وەربگرن و لە هەندێک ئیمتیازی دیکە سوودمەند بن.
 
چوارەم، تا ئەو شوێنەی بارودۆخی ئێستا ڕێگە بدات، دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکان کە گەیشتووەتە شوێن و موڵکی شەخسی، هەنگاوی پێویست و پێناسەکراو جێبەجێ بکرێت. ئەم دوو خاڵەی دوایی وەک ئەرکێکی پێویست بۆ جێبەجێکردن بۆ بەرپرسانی ڕێزدار دادەنرێت کە دەبێت جێبەجێی بکەن و ڕاپۆرتەکەی بە من بدەن.
 
خاڵێک کە دەبێت وەبیری بهێنمەوە ئەوەیە کە بە هەر جۆرێک بێت ئێمە لە دوژمن قەرەبوو وەردەگرین و ئەگەر ڕەتی بکاتەوە بەو ئەندازەیەی دیاری دەکەین لە ماڵ و موڵکی هەڵدەگرین و ئەگەر ئەوەش نەگونجا، بەو ئەندازەیە لە موڵک و ماڵی لەناو دەبەین.
بەشی پێنجەمی قسەکانم، ڕوو لە سەران و پلە کاریگەرەکانە لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ئێمە لەگەڵ ١٥ وڵات هاوسێیەتی وشکانی یان ئاویمان هەیە و هەمیشە ئارەزووی پەیوەندی گەرم و بونیادنەرمان لەگەڵ هەموویان کردووە و دەکەین. لکن دوژمن لە ساڵانی ڕابردووەوە قۆناغ بە قۆناغ بنکەی سەربازی و دارایی لە هەندێک لەم وڵاتانەدا دروست کردووە تا زاڵبوونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. لە هێرشی ئەم دواییەدا، هەندێک لەو بنکە سەربازییانە بەکارهێنران کە بێگومان ئێمە هەر وەک هۆشداری توند و ڕاستەوخۆمان دابوو، بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بکەینە سەر ئەو وڵاتانە، تەنها ئەو بنکانەمان کردووەتە ئامانج. لەمەودواش دیسان بە ناچاری ئەم کارە بەردەوام دەکەین؛ هەرچەندە هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەبێت دۆستایەتی لە نێوانمان و ئەو هاوسێیانەماندا هەبێت. ئەم وڵاتانە دەبێت هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دەستدرێژیکاران بۆ سەر نیشتمانی ئازیزمان و بکوژانی گەلەکەمان ڕوون بکەنەوە. من پێشنیاز دەکەم هەرچی زووترە ئەو بنکانە دابخەن؛ چونکە لابد (بێگومان) تا ئێستا تێگەیشتوون کە بانگەشەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لەلایەن ئەمریکاوە درۆیەک زیاتر نەبووە.
 
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ گەلەکانی خۆیان کە بەگشتی لە هاوکاری بەرەی کوفر و ڕەفتاری سوکایەتیپێکردنی ناڕازین، پەیوەندی زیاتریان هەبێت و سامان و دەسەڵاتیان زیاد بکات. دیسان دووبارەی دەکەمەوە کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی بیەوێت باڵادەستی و داگیرکاری لە ناوچەکەدا بڵاو بکاتەوە، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ یەکێتی و پەیوەندی دوولایەنەی گەرم و دڵسۆزانە لەگەڵ هەموو هاوسێکان.
 
لە بەشی شەشەمی قسەکانمدا، ڕووی دەمم لە ڕێبەرە شەهیدەکەمانە. ڕێبەرم! بە ڕۆیشتنی خۆت داخێکی گەورەت خستە سەر دڵی هەمووان. تۆ هەمیشە پەرۆشی ئەم کۆتاییە بوویت تا دواجار خوای حەق لە کاتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا لە بەیانی ڕۆژی دەیەمی ڕەمەزانی پیرۆزدا پێی بەخشیت. مەزڵوومییەکی زۆرت بە دەسەڵاتەوە و بە حلمەوە تەحەمول کرد و برۆت لێ گرژ نەکرد. زۆر کەس قەدری ڕاستەقینەی تۆیان نەزانی و ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایەنێت تا جۆرەها پەردە و ڕێگری لادەچن و ڕەهەندەکانی ئەوە دەردەکەون.
ئومێدەوارین لەبەر ئەو پێگەیەی کە لە پەنای تیشکە پاکەکان و سدیقین و شەهیدان و ئەولیا بۆت فەراهەم بووە، باز هەمیشە لەبیری پێشکەوتنی ئەم گەلە و هەموو گەلانی بەرەی بەرگریدا بیت و ناوەندێتی (تەوەسول) بکەیت؛ هەروەک چۆن لە ژیانی دونیایی خۆتدا وابوویت. ئێمە پەیمانت لەگەڵ دەبەستین کە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم ئاڵایە کە ئاڵای سەرەکی بەرەی حەقە و بۆ گەیشتن بە مەبەستە پیرۆزەکانی جەنابت بە هەموو وجودمانەوە تێبکۆشین.
 
لە بەشی حەوتەمدا سوپاسی هەموو ئەو گەورانە دەکەم کە پاڵپشتی منیان کردووە، لەوانە مەرجەعەکانی تەقڵید و کەسایەتییە جیاوازە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەموو خەڵک کە لە کۆبوونەوە پڕشکۆکاندا بۆ بەیعەتدانەوە بە ڕژێم ئامادە بوون، هەروەها سوپاسی بەرپرسانی سێ دەسەڵاتەکە و ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری دەکەم بۆ حوسنی تەدبیر و هەنگاوەکانیان.
ئومێدەوارم لوتفە تایبەتە خوداییەکان لەم کات و ڕۆژە پڕ فەیزانەدا هەموو گەلی ئێران و بەڵکو هەموو موسڵمانان و چەوساوەکانی جیهان بگرێتەوە.
 
و لە کۆتاییدا لە مەولامان (عەجەلەڵڵا تەعالا فەرەجەه) داوا دەکەم لەم کاتە ماوانەی شەو و ڕۆژانی قەدر و مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، لە بارەگای خوای گەورە و باڵا، بۆ گەلەکەمان سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر دوژمندا و هەروەها عیزەت و فراوانی و عافیەت، و بۆ کۆچکردووەکانیشیان پلە و پایە و عافیەتی قیامەت داوا بکات.
والسلام علیکم و رحمه‌الله و برکاته و تحیاته
سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی
٢١ی ڕەشەمێی ١٤٠٤ (کۆچی هەتاوی)
هاوکات لەگەڵ ٢٢ی ڕەمەزانی ١٤٤٧ (کۆچی مانگی)