گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە ‌ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی لە بەیانیی ئەمڕۆوە بە ئاراستەکردنی ژمارەیەکی زۆر درۆن، چەندین ئامانجی لەنێو ئیسرائیلدا کردووەتە ئامانج.
 
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەپۆلی 43ی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "بەڵێنی راستگۆ 4" بۆسەر کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن و بنکەکانی دیکەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە. ئەم هێرشانە هاوکات شاری تەلئەڤیڤ، باکووری ئیسرائیل و شاری ئیلاتیشیان گرتووەتەوە.
 
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا باس لەوە دەکات لە جێبەجێکردنی ئەم شەپۆلەدا مووشەکە وردپێکەکانی خوڕەمشەهر، قەدر، عیماد، خەیبەرشکێن و درۆنە تێکشکێنەرەکان بەکارهێنراون.
 
زولفەقاری ئاماژەی بەوە دا، بنکەی موفەق سەڵتی لە ئوردن، بنکەکانی دیکەی ئەمریکا لە شارەکانی مەنامەی بەحرێن و هەولێری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنیی سوپای پاسدارانەوە.
 
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەرگریی ئاسمانیی بەرەی موقاوەمە توانیویەتی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی ئەمریکی کە خەریکی سووتەمەنی دان بووە بە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا، بخاتە خوارەوە و سەرجەم ستافەکەیشی کوژراون.
 
ئیبراهیم زولفەقاری باسی لەوە کرد، دوای ئەوەدا شەپۆلی 44ی ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی "یا سادق الوعد" دەستیپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام و گشتگیرە بە بەکارهێنانی مووشەکە وردپێک و  قورسەکانی خوڕەمشەهر، خەیبەرشکێن، فەتاح، عیماد و قەدر و ئامانجەکانی ناوچەکانی کریات شمۆنە، خەدەرا و حەیفا لە ئیسرائیل پێکاوە؛ هەروەها کەشتیگەلی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا و بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.
 
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا بە تەنزەوە ئاماژەی بە مامەڵەی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەو دووژمنەی مەرگی سەربازەکانی بە زەبری سووکی مێشک ناوزەد دەکات، ئاساییە کە بێ دەسەڵاتی و ئاگرکەوتنەوە لەنێو کەشتی جێراڵد فۆرد و برینداربوونی سەربازەکانی پشتگوێ بخات. ئێستاش خستنەخوارەوەی فڕۆکە سووتەمەنییەکەی بە کێشەی تەکنیکی دەزانێت."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، 13-3-2026، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، هەموو ستافی فڕۆکە سووتەمەنیپێدەرەکە کە لە جۆری KC-135 بوو، گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی فڕۆکەکەیان لە ئاسمانی رۆژئاوای عێراق کەوتە خوارەوە.
 
وەک سێنتکۆم دەڵێ، فڕۆکەکە رۆژی 12ی ئادار لە کاتی فڕینیدا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" تێکشکا و کەوتە خوارەوە.
 
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، لێکۆڵینەوە لە هۆکار و دۆخی رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە کە تێکشانی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دووژمن یان تەقەی هەڵەی هێزە دۆستەکانەوە نەبووە.