ئێران کەسێکی بە تۆمەتی فرۆشتنی ئینتەرنێتی ستارلینک دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتدارانی ئێران هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی تۆڕێک دەستگیرکرد، کە گوایە ئامێرەکانی ستارلینکیان بۆ بەدەستهێنانی ئینتەرنێت فرۆشتووە. ستارلینک لە ئێران بە تەواوی قەدەخەیە.
 
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران بە تەواوی پەیوەندیی ئینتەرنێتی لەگەڵ دەرەوە بڕی. بۆ دەربازبوون لەو سنووردارکردنە، هەندێک لە ئێرانییەکان پەنایان بۆ ئامێرەکانی ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکی بردووە، کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە دەکەن. بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە لە ئێران وەک تاوان هەژمار دەکرێت و سزای زیندانیکردنی لەسەرە.
 
ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) لە زاری جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای فارس بڵاویکردەوە: "پیاوێکی تەمەن 37 ساڵ، کە لە چەندین پارێزگای وڵات تۆڕێکی بۆ فرۆشتنی ئینتەرنێتی بێسنوور لە رێگەی ستارلینکەوە دروستکردبوو، لە شیراز دەستگیرکرا." ئاژانسەکە ئاماژەی بە کاتی دەستگیرکردنەکە نەکردووە.
 
پێشتر و لە کانوونی دووەمدا، ئێرانییەکان بۆ 18 رۆژ لە ئینتەرنێت بێبەش کران. لەو کاتەدا دەسەڵاتداران توانییان کارکردنی ئامێرەکانی ستارلینک لە نێو وڵاتدا پەکبخەن.
 
بەگوێرەی یاسای ئێران، هەر کەسێک بە تۆمەتی "بەکارهێنان، گواستنەوە، کڕین یان فرۆشتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پەیوەندیی ئینتەرنێتی وەک ستارلینک" بۆ بەدەستهێنانی ناوەڕۆکە قەدەخەکراوەکان تاوانبار بکرێ، سزاکەی دەگاتە تاوەکو دوو ساڵ زیندانیکردن.