راوێژکارێکی سەرۆککۆماری ئێران: پاکستان بۆ نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن 'بچووک بوو'
رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەسغەر شەفیعیان، راوێژکاری میدیایی سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت کە سەرەڕای نەگەیشتن بە ئەنجامێکی کۆنکرێتی لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتن لەدەست نەچووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە پاکستان بۆ ئەم ئەرکە قورسە وڵاتێکی "بچووک" بوو و پێویستە لە قۆناخەکانی داهاتوودا چین یان رووسیا بێنە نێو هێڵی نێوەندگیرییەوە.
راوێژکارەکەی مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتنی دوو وڵات کە نزیکەی نیو سەدەیە لە ململانێدان و 40 رۆژە جەنگێکی تووند لەنێوانیاندا هەیە، کارێکی یەکجار قورس بوو. شەفیعیان گوتی: "هەر لایەنێک 10 بۆ 15 خاڵ داواکاریی پێشکێش کرد، بۆیە سەیر نییە کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا نەگەیشتنە دەقێکی هاوبەش."
عەلی ئەسغەر شەفیعیان پێیوایە ئەگەر چین یان رووسیا نێوەندگیر بووایەن، دەیانتوانی ئەو داواکارییە زۆرانە لە چەند بڕگەیەکی سازشکارانەی مامناوەنددا کورت بکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پایتەختەکان چاوەڕێی بڕیاری سیاسیی یەکلاییکردنەوەی وەڵامەکانن.
بە گوتەی شەفیعیان، دوو پرسی سەرەکی هەن کە دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لەسەر کاخەز یەکجار قورسە: پیتاندنی یۆرانیۆم و تەنگەی هورمز.
شەفیعیان ئاشکرای کرد کە ئەمریکییەکان پرسی ئەتۆمی بە "یەکلاییکەرەوە" دەزانن، لە بەرامبەریشدا ئێران ئامادە نییە بە ئاسانی دەستبەرداری کارتی گوشاری تەنگەی هورمز بێت. لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "ئەمە رێڕەوێکی پان و بەرینە و دەبێت دواجار رێکبکەوین، چونکە ئەستەمە بۆ هەمیشە بە داخراوی بمێنێتەوە."
شەفیعیان هۆشداری دا کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، دۆخەکە بۆ ئێران، ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار نەگونجاو دەبێت.
دەقی قسەکانی عەلی ئەسغەر شەفیعیان:
هەڵبەتەکە دەرفەتەکە هێشتا لەدەست دەرنەچووە. هەردوو لایەن بە تەواوی داواکارییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو و لانیکەم جۆرێک لە تێگەیشتنیان بۆ هەڵوێستی یەکدی پەیدا کردووە. بەڕێز قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە لە روانگەی ئەو، ئەمریکییەکان ئێستا لە داواکارییەکانی ئێران تێدەگەن و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە، کە ئەمەش جێگەی سەرسوڕمان نییە. پێموایە پاکستان بۆ ئەم ئەرکە [نێوەندگیری] بچووک بوو. ئەگەر چین یان لە قۆناخی داهاتوودا رووسیا بەشداربن، گەیشتن بە رێککەوتن زۆر ئاسانتر دەبێت.
دوو وڵات [ئێران و ئەمریکا]، دوای 47 و 48 ساڵ، خەریکن پێکەوە دادەنیشن، قسە دەکەن و 40 رۆژیش شەڕیان کرد. ئەمە جەنگێکی یەکجار تووند بوو. بۆیە کۆبوونەوەکە زۆر قورس بوو، رۆژێکی زۆر سەخت بوو بۆ گەیشتن بە ئەنجام. ئەگەر وڵاتێکی گەورەتر نێوەندگیر بووایە، ئاسانتر دەبوو هەردوو لایەن بگەیێنێتە سەر دەقێکی هاوبەش. جیاوازییەکان بچووک نین، بەڵکو گەورەن. هەر لایەنێک دە بۆ پازدە خاڵ داواکاریی زۆرخوازانەی پێشکەش کردووە.
بەڵام بۆ نموونە، ئەگەر چین یان رووسیا نێوەندگیر بووایە، ئەو پازدە خاڵەیان لە چەند بڕگەیەکی سازشکارانەدا کورت دەکردەوە و وەک دەقێکی مامناوەند پێشکێشی هەردوو لایەنیان دەکرد. ئەوە شتێکی نائاسایی نییە کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا نەگەیشتنە ئەنجامێکی هاوبەش. هەردوو لایەن دروشمی وایان بە جەماوەری نێوخۆیان داوە کە بەدیهێنانیان بۆیان زۆر قورسە. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هێز لۆژیکە، دەسەڵات لۆژیکە. پێویستە چاوەڕێی قۆناخی داهاتوو بین. هەردوو لایەن چاوەڕێی وەڵامی لایەنەکەی دیکەن. پایتەختەکان بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی بڕیارەکانن.
ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، دۆخەکە بە تەواوی بۆ ئێران، ناوچەکە، ئەمریکا و بۆ هەموو کەسێک نەگونجاو دەبێت. دۆخێکی گونجاو نایەتە پێشەوە. ئەوەی کێ زیانی زۆرتر بەردەکەوێ، بابەتێکی جیاوازە.
پێموایە ئێستا هەردوو لایەن چاوەڕێن لایەنەکەی دیکە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارێکی جیاواز بدات، وەک چۆن ڤانس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەڕێز قالیباف ئاماژەیان پێ کردووە. هەردوو لایەن زۆرترینەکەی دوو هەفتە چاوەڕێ دەکەن. هەر پشێوییەک ئیسرائیل بیکات، بڕوام وایە [ئاشتی لە لوبنان] دەبێت بگرێتەوە.
تەنیا باسی ئێران نییە، فەرەنساش هەیە. فەرەنسا چەندین پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەبووە، لانیکەم دوانیان لەم دواییانەدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران بووە. بەڕێز پزیشکیان جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لوبنان بەشێک بێت لە دانوستاندنەکان. بۆ ئێرانییەکان ئەمە بابەتێکی ئەخلاقیشە. لوبنانییەکان لەبەر ئێران لەگەڵ ئیسرائیل چوونە نێو جەنگ و ناکرێت بە تەنیا جێبهێڵدرێن. لەم روانگەیەوە، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێ و رێککەوتن بۆ تەواوی ناوچەکە بکرێ.
وا دەردەکەوێ بابەتی پیتاندن و تەنگەی هورمز گرنگترین ئەو بابەتانە بن کە خراونەتەڕوو. ئەمریکییەکان پرسی پیتاندن و بابەتی ئەتۆمی بە گشتی بە گرنگ دەزانن، وەک چۆن چەندین جار جەختیان لێ کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، تەنگەی هورمز لەم جەنگەدا ئامرازێک بووە لە دەستی ئێران و ئێران پێیوایە نابێت بە ئاسانی ئەو کارتی گوشارە لەدەست بدات. دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم دوو بابەتە لەسەر کاخەز زۆر قورسە؛ ناتوانیت بە ئاسانی چارەسەرێکیان بۆ ئامادە بکەیت.
مێژووی هەموو شتێک کە دێت و دەچێت لێرەیە [تەنگەی هورمز]، بۆیە بێگومان چارەسەری هەیە. لە هەر بارێکدا بێت، چ بیانەوێ پێناسەیەکی بۆ بکەن، میکانیزمێکی بۆ دابنێن یان هەر شتێکی دیکە، ئەوە رێڕەوێکی پان و بەرینە کە کەشتی دەتوانێت پێیدا تێپەڕ بێت، بۆیە دەبێت رێکبکەون؛ هیچ ئەگەرێک نییە کە بۆ هەمیشە بە داخراوی بمێنێتەوە. هەردوو لایەن ئەو ئەگەرەیان هەیە کە پاشان بیانەوێ دژی یەکدی بجووڵێنەوە. سەبارەت بە بابەتی ئەتۆمیش، ئەوەندە شتێکی سەیر نییە؛ پێویستی بە بڕیارە و لایەنی ئەمریکی و لایەنی ئێرانی پێشتر سیناریۆکانیان بۆ تاقی کردووەتەوە. شتێکی سەیر نییە؛ دەتوانن بە ئاسانی بڕیارە سیاسییەکانیان بدەن.
ئەوە بڕیارێکی سیاسییە. پێویستە ئەمە باس بکرێ و لە لایەن هەردوو لایەنی ئێرانی و لایەنەکەی دیکەوە رابگەیێندرێ. تاوەکو ئێستا گفتوگۆکە تەمومژاوی بووە، تەنانەت لە لایەن ڤانس-یشەوە بە روونی روون نەکرایەوە. پێویستە ببینین پێشنیازەکەی ئەمریکا چی بووە، یان چ هێڵێکی سووریان بۆ خۆیان دیاریکردووە و ئایا ئەوە دەکرێ؟ بەڵام شتێک کە کەمتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، یان بەشی پێویست باسی لێوە نەکراوە، داراییەکانی ئێران و سزاکانە کە بۆ ئێران یەکجار گرنگن. ئەگەر ئەمریکییەکان لە رۆژانی داهاتوودا باسی ئەمە بکەن و روونی بکەنەوە کە چ هەنگاوێک دەنێن، بێگومان دەتوانێت کار بکاتە سەر بڕیارەکانی ئێران.
متمانە و گەرەنتی بە گشتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا مانایەکیان نییە. تۆ لەسەر شتگەلێکی تر رێکدەکەوی کە دەتوانیت واژۆیان بکەیت و هەردوو لایەن دەتوانن لە هەر ساتێکدا چاودێرییان بکەن. هەر کاتێک لایەنێک هەستی کرد بەرژەوەندییەکانی دابین ناکرێن، دەبێت رێککەوتنەکە جێبهێڵێت. نازانم، رەنگە نەیانتوانیبێت لەسەر هەندێک بابەت رێکبکەون، یان رەنگە دواتر وەڵامێک ئامادە بکەن. ئەگەرنا، متمانە و گەرەنتی زمانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نین.