ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی دیکەی کردە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی میدیای ئێران، ئەم ئێوارەیە رۆژئاوای تاران، ئامانجێک لە شاری کەرەج، بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە تەورێز، بنکەیەکی ئاسمانی لە هەمەدان، ئامانجێک لە زەنجان، پێگەیەک لە قوم بۆردوومان کرا.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، ئیسرائیل ئەو شوێنانەی بۆردوومان کردوون.
بەگوێرەی میدیا فەرمیی ئێران، یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بووە و دوو خاڵ کراوەتە ئامانج. دەگوترێت ئەم بنکە ئەتۆمییە 500 مەتر لەژێر زەوییەوەیە.
بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای قووم.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی چڕ بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ئێران کرد و لە تارانەوە دەستی پێکرد. تاوەکو ئێستا هێرشەکان بەردەوامن.
دیارترین ئەو بەرپرسە سەربازییانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران کوژران:
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران
غولام عەلی رەشید، فەرماندەی خاتەمولئەنبیا
فەرەیدوون عەباسی داڤانی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران
محەممەد مەهدی تەهرانچی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەیلوولی پارەوە بڕیاری دابوو هێرش بکەنە سەر ئێران و نیسانی ئەم ساڵیان بۆ هێرشەکە دیاریکردبوو، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک، هێرشەکەیان دواخست.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەوا ئێمە لە ناوچەکە نامێنین".