قالیباف: هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە هەڵخەڵەتێنراوە بۆ دەستپێکردنی شەڕ، ئێران لەمەودوا هیچ جیاوازییەک لەنێوان واشنتن و تەل ئەڤیڤ ناکات. 
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ترەمپ لەلایەن نەتەنیاهووەوە هەڵخەڵەتێنراوە بۆ ئەوەی شەڕەکە دەستپێبکات و ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا کاردەکات."
 
قالیباف ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو "تاوانە گەورەیەی" کردوویانە، وڵاتەکەی چیدیکە "هیچ جیاوازییەک" لەنێوان ئەمریکا و "رژێمی زایۆنی ناکات و وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لە بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەکان کردەوە و گوتی، "ئەم شەڕە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی هاوکێشە و حیساباتی دووژمن دەگۆڕدرێت و ناچاریان دەکەین پەشیمان ببنەوە."
 
ئەم گوتانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لووتکە و 15 رۆژ جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە.