لە ئێران رۆژانە 130 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێت؛ "هۆکارەکەی ئۆتۆمبێلی نێوخۆیە"
رووداو دیجیتاڵ
کوالێتیی نزمی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی بەنزین لەو وڵاتە دوو هێندەی ئاستی پێویست بێت. پەرلەمانتارێک دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکان لە 100 کیلۆمەتردا 15 لیتر بەنزین دەسووتێنن و ژینگە وێران دەکەن.
لەنێو شەقامەکانی تاران، ئۆتۆمبێلی بیانی بە دەگمەن دەبینرێن و شەقامەکان پڕن لە ئۆتۆمبێلی دروستکراوی نێوخۆ. رۆژانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 130 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا بە گوتەی پەرلەمانتاران، دەبوو ئەم رێژەیە لەنێوان 60 بۆ 70 ملیۆن لیتر بووایە.
محەممەد رەشیدی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لەبارەی هۆکاری بەفیڕۆچوونی بەنزینەوە دەڵێت: "زۆر لەو ئۆتۆمبێلە نێوخۆییانەی کە ئێمەی پەرلەمانتارانیش بەکاریان دەهێنین، لە 100 کیلۆمەتردا زیاتر لە 10 بۆ 15 لیتر بەنزین دەسووتێنن. بەم کارەمان خەریکین سەرچاوەکانمان دەکەینە گاز و دووکەڵ و ژینگەی پێ پیس دەکەین."
لە ئێران 37 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل هەن. پار ملیۆنێک و 322 هەزار و 827 ئۆتۆمبێل بەرهەمهاتووە؛ کۆمپانیای "ئێران خودرۆ" بە 504 هەزار ئۆتۆمبێل یەکەمە، دوای ئەو "سایپا" بە 342 هەزار و "مودیران خودرۆ" بە 143 هەزار دێن.
سەرباری زۆریی بەرهەم، بەڵام هاووڵاتییان و بەرپرسانیش لە کوالێتییەکەی رازی نین.
بەیتوڵڵا عەبدوڵڵاهی، پەرلەمانتارێکی دیکەی ئێران دەڵێت: "تاوەکو پاوانخوازی هەبێت، بەرهەمهێنەران ئۆتۆمبێلێک لە ئاستی خەڵکی ئێران دروست ناکەن. خەڵکی ئێمە کاتێک دەچنە دەرەوەی وڵات، ئینجا دەزانن چ گرفتێکمان هەیە و هەست بە بێقەدری دەکەن."
جگە لە بەفیڕۆدانی سووتەمەنی، ئۆتۆمبێلەکان هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانیش. بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 435 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکی زۆری بۆ نزمیی کوالیتی و نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێنرێتەوە.