ئێران: بە درۆنە کۆپیکراوەکانمان هێرش دەکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ


رووداو دیجیتاڵ

قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ و دەڵێت، "دووژمنان" درۆنی (شاهد 136)ـی ئێرانییان کۆپی کردووە و بە ناوی (لوکاس) هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە تاوەکو تارانی پێ تۆمەتبار بکەن؛ دەشڵێت: "هەر شوێنێک بکەینە ئامانج، بە فەرمی رایدەگەیەنین."
 
یەکشەممە 15-3-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا روو لە وڵاتانی دراوسێ و موسڵمانانی ناوچەکە رایگەیاند: "دووژمن کە لە مەیدانی جەنگ و هاوپەیمانییە سیاسییەکاندا دژی ئێران شکستی هێناوە، پەنای بۆ فێڵ و تەڵەکە بردووە و بە پلانێکی شەیتانی، درۆنی (شاهد 136)ـی ئێرانی کۆپی کردووە و بە ناوی (درۆنی لوکاس) هێرش دەکاتە سەر چەند ئامانجێک لە ناوچەکە."
 
سەبارەت بە ئامانجی ئەو هێرشانە، گوتەبێژەکە دەڵێت: "ئامانجی دووژمن دروستکردنی گومان و تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نانەوەی فیتنە و دووبەرەکییە لەنێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ، تاوەکو کارە بەرگریی و یاساییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەکەدار بکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر بنەمای سەربازیی ئێران کراوەتەوە و هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک چەندین جار رایگەیاندووە، تەنیا هێرش دەکاتە سەر ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ هەر شوێنێکیش بکاتە ئامانج، بە دەرکردنی راگەیێندراوی فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی دەگرێتە ئەستۆ و وەڵامدەرەوەی لێکەوتەکانی دەبێت."
 
قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا "هێرشی شەیتانی" کراوەتە سەر چەند ناوەندێک لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستی وەک (عێراق، تورکیا و کوێت) و خراونەتە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەوان "ئەو هێرشانە پیلانن".
 
ئیبراهیم زولفەقاری داوا لە بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات "بە هۆشیارییەوە" مامەڵە لەگەڵ ئەم جووڵانە بکەن و دەڵێت: "پێویستە متمانەمان بە یەکدی هەبێت و بە پاراستنی یەکڕیزی، دوژمنی دەستدرێژکار لەم کارە تێکدەرانانەی پەشیمان بکەینەوە."