گوشار لەسەر چالاکڤانانی سوننە مەزهەب لە ئێران زیاتر بووە

رووداو- هەولێر

دوای هێرشەکانی رۆژی 7ی حوزەیرانی تاران، گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر چالاکڤانانی مەزهەبی و مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب زیاتر بووە. زیاتر لە 100 کەس لەوان دەستبەسەرکراون لە گرتووخانەکاندا بەندکراون. 


چالاکڤانانی سوننە دەڵێن ئەو هێرشانە پەیوەندییان بە مەزهەبی سوننەوە نەبووە بەڵام حکومەتی ئێران ئەوەی کردووەتە بیانوویەک تاوەکو چالاکییەکانیان بەرتەسک بکاتەوە.

هێرشە چەکدارییەکانی تاران بارودۆخی بۆ چالاکانی ئایینی سوننی مەزهەب هەستیار کردووە. هێرشێک کە داعش وەستۆی گرت. لە یەکەمین دژکردەوەی حکومەتدا زیاتر لە 100 کەس لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا گیران. بەشێک لەوان بنەماڵەکانیان دەڵێن: هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە داعشەوە نیە. 

دواتریش کۆڕی فیقهی زانایانی سوننی مەزهەبی کوردستانی ئێرانیش چالاکییەکانی راگرت. بەگوتەی حەسەن ئەمینی، بەرپرسی ئەو کۆڕە، لە ترسی گوشاری زیاتر ئەو بڕیارەیان داوە. ئەم کۆڕە تەنیا دوای سێ ساڵ چالاکی، چالاکییەکانی راگرت.

چالاکی رەوتە ئیسلامگەراکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەمجۆرە هەوراز و نشێوانەیان زۆرە. لەوانە مەکتەب قورئان. کە ساڵی 1977 دامەزراوە. بەڵام ئێستا دوو بەشە. مەکتەب قورئان و مەکتەب قورئان کوردستان. لە ساڵانی رابردوو بەردەوام گوشار لەسەر ئەندامیان هەبووە. زۆر لەوان دەگیران و یا بانگی ناوەندە ئەمنییەکان دەکران. حەسەن ئەمینی، بەرپرسی مەکتەب قورئانی کوردستان خۆی دۆسیەی لە دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکاندا هەیە. 

جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران رێکخراوێکی میانەڕەوی ئیسلامییە. رێبەرەکەی عەبدولڕەحمان پیرانییە. بە پێڕەوی ئیخوان موسلمین لە قەڵەم دەدرێن. لە زۆر لە ناوچە سوننی مەزهەبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکن. ئەمان زۆر موحافزەکارانە چالاکی دەکەن، رەنگە هۆکار خۆپاراستن بێت لە گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران.

رێکخراوە سەلەفییە جیهادییەکانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان لایەنگریان هەیە. لایەنگرانی داعش و ئەلقاعدە گوشارێکی ئەوتۆیان لەسەر نەبووە، مەگەر ئەو کاتانەی کە لە کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان دەرچووبن. زۆر کەس دەڵین: حکومەت بە قەستی و بۆ ئامانجی خۆی دەستیانی ئاوەڵا هێشووەتەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی ئەهلی سونەت و جەماعەتی ئێرانیش لە هەندێ ناوچەی سنوورداری رۆژهەڵاتدا چالاکە. رێبەرەکەی عەبدولقادر تەوحیدییە. خۆی لە باشوور دادەنیشێ. لە سەرەتای دەیەی هەشتای زایینیدا، شەڕی چەکداری لەگەڵ حکومەت کرد. رێکخراوەیەکی سەلەفین. 

حکومەتی ئێران ئەگەر زۆر جار چاوی لە چالاکی ئەم ریکخراوانە نوقاندبێ، ئێستا بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە چالاکییەکانیان.