لە تاران ژمارەیەک پارێزەر و چالاکڤان دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە تارانی پایتەختی ئێران ژمارەیەک پارێزەر و چالاکڤانی مەدەنییان دەستبەسەرکردووە، هێزە ئەمنییەکان هۆکارێکیان بۆ گرتنی ئەو کەسانە باس نەکردووە و روونیش نییە بۆ کوێیان گواستوونەتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە 14-8-2021 لانیکەم 7 پارێزەر و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ لە تاران دەستبەسەر کران. هەندێ لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، ژمارەی گیراوەکان رەنگە لەوە زیاتریش بێت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ – هرانا، هاوکات لەگەڵ گرتنی ئەو کەسانەدا، هێزە ئەمنییەکان هەندێ کەلوپەلی تایبەت، لەوانە مۆبایلی ئەو کەسانەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە هیچ بڕیارێکی دادگایان پێ نەبووە.
ئارەش کەیخوسرەوی، محەممەدرەزا فەقیهی، مستەفا نیلی، محەممەد هادی عرفانیان و لەیلا خزری لە پارێزەرە دەستبەسەرکراوەکانن. مستەفا نیلی هەر لە نووسینگەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە. هەروەها مەهدی مەحموودیان و مریەم فەرائەفراز چالاکڤانانی مەدەنین.
پارێزەرە دەستبەسەرکراوەکان پێشتر پارێزەری گیراوانی سیاسی، چالاکڤانانی خوێندکاری، رۆژنامەڤانان، چالاکڤانانی مەدەنی و خۆپیشاندەرە گیراوەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
بەگوتەی هەندێک لە سەرچاوەکان، ئەگەر هەیە ئەو کەسانە لەبەر ئەوە گیرابن کە ویستوویانە بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و مردنی دەیان هەزار کەس، سکاڵا دژی سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئێرانی تۆمار بکەن.
سەعید دێهقان، پارێزەر، لە تویتەری خۆیدا نووسیویەتی: "دەستبەسەرکردن بەرلەوەی کە سکاڵا تۆمار بکرێت، نیشانەی ترسی لە رادەبەدەر لە دادخوازییە".
ئەو کەسانە لە کاتێکدا گیراون کە غوڵامحوسێن ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، تەنیا چەند هەفتەیەکە ئەو بەرپرسایەتییەی پێدراوە.