قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگەکانی تاران بۆ دەرەوە دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئەلبورز دەڵێت، قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگە خێراکانی تاران بەرەو باکوور و کەرەج - قەزوین لە سنووری پارێزگاکە دروستبووە.
عەلی زەندی فەر، رۆژی دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای وڵاتەکەی راگەیاند، قەرەباڵخییەکە لە رێگەی خێرای تاران بەرەو باکوور، لە سنووری تونێلەکانی 17 و 18 تاوەکو تونێلی ئەلبورز زۆر زۆرە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بە هۆی ئەو دۆخەوە جاروبار هاتووچۆ سنووردار دەکرێ، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
عەلی زەندی فەر گوتی: "قەرەباڵخی لە رێگەی کەرەج - چالووس لە هەندێک شوێندا زۆرە."
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئەلبورز گوتیشی، قەرەباڵخی لە رێگەی خێرای کەرەج – قەزوینیش زۆر بووە.
زەندی فەر ئەو چاوەڕوانییەی هەبوو کە شۆفێران کاتی دەرچوونیان رێکبخەن و خۆیان دووربگرن لەوەی بە خێرایی بگەنە ئەو شوێنەی مەبەستیانە.
زیادبوونی ئەم قەرەباڵخییە لە کاتێکدایە، لە رۆژی هەینییەوە ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی ئێران کردووە و ئامانجێکی سەرەکی بۆردوومانەکانیشی بریتییە لە تاران.