وەزیری ناوخۆی ئێران بڕیاری بەهێزترکردنی خاڵەکانی پشکنینی دا
رووداو دیجیتاڵ
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بڕیاریداوە خاڵەکانی پشکنین لە سەرتاسەری ئێران بەهێزتر بکرێن.
وەزیری ناوخۆی ئێران لە بڕیارێکدا بۆ 31 پارێزگارەکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە: "دووژمنی چەپەڵ بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان، لەوانە بنکەی پۆلیس و تەنانەت کابینەکانی پۆلیس هەوڵ دەدات ئەمن و ئاسایشی خەڵک بشێوێنێ".
موئمینی بەبیرهێنانەوەی دەسەڵاتی پارێزگارەکان بەتایبەت پارێزگا سنوورییەکان، جەختی لە بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین لە هەموو پارێزگاکاندا کردووەتەوە.
ئەم گوتانەی وەزیری ناوخۆی ئێران هاوکاتە لەگەڵ هێرشی رۆژانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خاڵەکانی پشکنین و زاڵگە کاتییەکانی بەسیج لە ناو شارەکانی ئێران بەتایبەت لە تاران.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، لە زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لانیکەم 8 خاڵی پشکنین لە ناوەند، رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوای تاران کراونەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر زیانە گیانییەکانی ئەم هێرشانە بڵاو نەکراونەتەوە بەڵام میدیای ئێران دەڵێن لە هێرشێکی درۆنی بۆسەر خاڵی پشکنینی جووتسایدی ئەرتش لە تاران، بەسیجێکی تەمەن 17 ساڵان بەناوی 'یوسف شیری' کوژراوە.
بەپێی داتا فەرمییەکان تەنیا لە هێرشە درۆنییەکانی شەوی 11/3/2026 بۆسەر چەند خاڵێکی پشکنین لە تاران، 18 بەسیجی کوژرابوون.