تەرمی قوربانییانی شەوی رابردووی بۆکان و سەقز بەخاک سپێردران


رووداو دیجیتاڵ

هەزاران کەس لە خەڵکی سنە بە "دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆر" و بە خۆپێشاندان لە چلەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە گەڕانەوە. بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێشیان بە خەڵک گرت، خۆپێشاندانەکە گرژی تێکەوت. 
 
لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردووی بۆکان و سەقز، چوار هاونیشتمانی بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. یەکێکیان دانیال پابەندیی 17 ساڵان بوو. هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان کەسوکاریان ناچار کرد بەرەبەیانی زوو بەخاکی بسپێرن، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی گردنەبوونەوەی خەڵک لەسەر گڵکۆکەی. بە سرودی ئەی شەهیدان و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە، ماڵئاواییان لێی کرد.
 
حکومەت و هێزەکانی ئێران بەرپرسیارێتیی کوشتنی خۆپێشاندەران ناگرنە ئەستۆ. خەڵکی بۆکان دوای بەخاکسپاردنی قوربانییەکانی شەوی رابردوو، چوونەوەسەر شەقام و تووڕەیی خۆیان بەشێوەی جیاواز پێشاندا. لە بەردبارانکردنی دامەزراوە حکومییەکان تاوەکو ئاگرتێبەردانی ئۆتۆمبێلی کەسانی خۆجێی سەربە هێزەکانی ئێران.
 
باوکی محەممەد حەسەنزادە، ئەو گەنجەی کە رۆژی چوارشەممە لە بۆکان لەگەڵ چوار گەنجی دیکە بە گولـلەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا، دەڵێت، "زەمانێک ئێمە ئەگەر دەمانویست بە یەکێک بڵێین زۆر پیاوە، بە یەکێ بڵێین زۆر بە غیرەتە، زۆر بە نامووسە، زۆر بە ویژدانە، لە وشەی پیاو سوودمان وەردەگرت و دەمانگوت زۆر پیاوە، بەڵام ئێستا پیاوێک کە بیەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ.."
 
ژمارەیەک هاونیشتمانیی دیکە بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی سالار مجاور لە گوندی ئەختەتەری بۆکان گردبوونەوە. هێزەکانی ئێران هەوڵیاندا رێگە لە چوونی خەڵک بۆ گۆڕستانی گوندەکە بگرن، بەڵام خەڵک پاشەکشەیان پێکردن. 
 
ئێستا رێوڕەسمی ناشتنی قوربانییەکانیش بۆ دەسەڵاتی ئێران بووەتە مۆتەکەیەکی گەورە، بەتایبەت ئەوەی دایک و باوکی قوربانییان بوونەتە دەنگی ئەو ناڕەزایەتییەی خۆیان بە "شۆڕش" ناوی دێنن.
 
باوکی سالار مجاور باسی لەوە کرد، "ئەو کوڕەم تەسلیم بە کوردستان کردووە، پێشکێشی خاکی کوردستانم کردووە." گوتیشی، زۆر کەس قسەی لەگەڵ کردووە، ئەگەر نا ئامادە نەبووە تا درەنگی شەو تەرمی کوڕەکەی بنێژێت.  
 
ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 62ـەمین رۆژدا بەردەوام بوون. دەسەڵاتی ئێران هەرچی لەدەستی هاتووە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندانەکان کردوویەتی، بەڵام هەوڵەکانی ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و تووڕەیی خەڵک زیادی کردووە.