سوپای پاسداران داوا دەکات لە پێنج پاڵاوگە و کارگەی پترۆکیمیایی کەنداو دوور بکەونەوە


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییان و دانیشتووانی دەوروبەری چەند دامەزراوەیەکی نەوتی و گازی لە سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات و دەڵێت، "لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەکرێنە ئامانج."
 
لە پەیامێکی بەپەلەدا کە ئاراستەی دانیشتووان و کارمەندانی چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی کەنداو کراوە، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، پێویستە بە زووترین کات و بەبێ دواکەوتن لەم دامەزراوانە دووربکەونەوە:
 
1- پاڵاوگەی سامرێف (SAMREF) - سعودیە.
2- کێڵگەی گازی ئەلحوسن - ئیمارات.
3- کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی جوبەیل - سعودیە.
4- کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی مەسێعید و کۆمپانیای مەسێعید هۆڵدینگ - قەتەر.
5- پاڵاوگەی راس لەفان (قۆناخی 1 و 2) - قەتەر.
 
سوپای پاسداران دەڵێت: "ئەم ناوەندانە بوونەتە ئامانجی راستەوخۆ و رەوا، لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەکرێنە ئامانج، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان و کارمەندان دەکەین دەستبەجێ بچنە ناوچە ئارامەکان."
 
لە پەیامەکەدا هاتووە کە پێشتر چەندین جار هۆشداریی دراوەتە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە لەبارەی "چوونە ناو ئەم رێگە مەترسیدارە و یاریکردن بە چارەنووسی گەلەکانیان،" بەڵام بە گوتەی سوپای پاسداران، ئەوان بڕیاریانداوە "گوێڕایەڵی کوێرانە" بکەن و ئەو بڕیارانەی دەیدەن "نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلەکانیان ناکات، بەڵکو لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە."
 
سوپای پاسداران دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بە بەرپرسیاری تەواوی "هەموو ئەو لێکەوتانە" دەزانێت کە لە ئەنجامی ئەم گرژییانە دەکەونەوە.
 
هۆشدارییەکەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات، کە ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، وێستگەکانی 3،4،5 و 6ی پارسی باشوور لە شاری عەسلەویە بۆردوومان کران.
 
شاری عەسلەویە سەر بە پارێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.
 
دوای بۆردوومانکردنی وێستگەکە، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "وەڵامێکی تووند و بێوێنەمان دەبێت."