وەزیری دەرەوەی ئێران: هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیمان نەداوە و هەوڵیشی بۆ نادەین

رووداو دیجیتاڵ 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوایین پەیامی دا دەڵێت، "ئێمە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیمان نەداوە و هەرگیزیش هەوڵی بۆ نادەین."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی ئێکسدا چوار خاڵی خستووەتە روو کە دەڵێت: "لەم کاتە دا دەبێت هەموو جیهان ئەمە بزانێت."
 
چوار خاڵەکە: 
 
(1) ئێران تەنیا بۆ بەرگری لە خۆی هەنگاو دەنێت. تەنانەت لەبەرامبەر قێزەونترین دەستدرێژی دژی گەلەکەمان، ئێران تا ئێستا تەنیا وەڵامی رژێمی ئیسرائیلی داوەتەوە و نەک ئەو لایەنانەی کە یارمەتیدەر و هاندەرین. هەروەک چۆن نەتەنیاهوو ئەم شەڕەی بۆ لەنێوبردنی دیپلۆماسی هێنایە ئاراوە، دەبێت جیهانیش زۆر نیگەران بێت لە هەوڵە بەردەوامەکانی رژێمی شکستخواردووی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لایەنەکانی تر فریای بکەون و ئاگری شەڕەکە بۆ ناوچەکە و دەرەوەی فراوان بکەن.
 
(2) ئێران بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە کە هەمیشە بە ئاشکرا پێوەی پابەند بووە: ئێمە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیمان نەداوە و هەرگیزیش هەوڵی بۆ نادەین. ئەگەر وانەبوایە، چ پاساوێک لە دەستدرێژییەکەی ئێستای تەنیا رژێمی خاوەن چەکی ئەتۆمیی ناوچەکە باشتر بوو بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکە نامرۆڤانانە؟
 
(3) ئێران بە شانازی و ئازایەتییەوە بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی مافی بەرگری لە خۆی، و وا دەکەین دەستدرێژیکار پەشیمان ببێتەوە و باجی هەڵە گەورەکەی بدات.
 
(4) جگە لە رژێمی ناشەرعی، جینۆسایدکار و داگیرکەری ئیسرائیل، ئێمە پابەندین بە دیپلۆماسییەوە. وەک پێشوو، ئێمە لە روانگەماندا جددیین و ڕوومان لە داهاتووە.

 

 
ئەم پەیامەی عێراقچی لەکاتێکدا هات کە دۆناڵد ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوە دا بوو. 
 
هاوکات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری سێ سەرچاوەوە ئاشکرای دەکات: ترەمپ بە نهێنی پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە، بەڵام فەرمانی کۆتایی دەرنەکردووە.