رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئاگربەستی غەززە بە ''گەورەترین'' شکستی ئیسرائیل ناودەبات و دەڵێت: ''لەوپەڕی بێچارەییدا ناچار بە پەسندکردنی بوو''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-01-2025 ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبارەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و ئاگربەستەکەی بە ''گەورەترین شکستی رژێمی زایۆنی'' ناوبرد.
ئیسماعیل قائانی گوتی: ''رژێمی زایۆنی دوای زیاتر لە 15 مانگ تاوانی بێسنوور کە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و لوبنان کردی، ئەمڕۆ لەوپەڕی بێچارەییدا ناچار بە پەسندکردنی ئاگربەست بوو.''
ئاگربەستەکە بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر 08:30 بە کاتی غەززە (09:30 بە کاتی هەولێر) دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لیستی بارمتەکانی رادەستی ئیسرائیل نەکردبوو، جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە نزیکەی سێ کاژێر دواکەوت.
فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد: ''ئاگربەستەکە بەسەر رژێمی زایۆنیدا سەپێندراوە و نێوەرۆکەکەی هەر ئەو خاڵانە بوون کە لە دانوستاندنەکانی پێشوودا پەسندی نەدەکرد".
زیاتر لە 6 مانگ نێوەندگیرەکان کە بریتی بوون لە ئەمریکا، قەتەر و میسر سەرقاڵی هەوڵدان بوون بۆ گەیشنە رێککەوتن و راگرتنی جەنگی غەززە و رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس.
ئاگربەستەکەی کەرتی غەززە سێ قۆناخە و تاوەکو ئێستا تەنیا رێککەوتن لەسەر یەک قۆناخی کراوە. بڕیارە لەم قۆناخەدا 33 بارمتە ئازاد بکرێن کە بریتی دەبن لە ئافرەت، منداڵ و کەسانی بەتەمەن، نەخۆش و بریندار. ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا 98 بارمتە لەنێو غەززە ماون.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل دوو هەزار گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ