ئێران: لە زووترین کاتدا تۆڵەی هێرشەکەی ئەمریکا دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی دووشەممە، قەرارگەی ناوەندیی خاتمولئەنبیا کە بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی سەربازییە لە ئێران و هاوئاهەنگیی نێوان ئەرتەش و سوپای پاسداران دەکات، رایگەیاند: "لەزووترین کات دا تۆڵەی هێرشەکەی ئەمریکا دەکەینەوە".
لە راگەیێندراوەکەی قەرارگەی خاتمولئەنبای ئێران دا هاتووە: "سوپای هێرشکاری ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست و دزیی دەریایی، تەقەی لە یەکێک لە کەشتییه بازرگانییەکانی ئێران لە دەریای عومان کردووە و بە لەکارخستنی سیستمەکەی، بەشێک لە چەکدارانی تیرۆریستی خۆی لەسەر دابەزاندووە".
قەرارگەی خاتمولئەنبیا هۆشداری دەدات: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەزووترین کات وەڵامی ئەم دزییە دەریایی و چەکدارانەی سوپای ئەمریکا دەدەنەوە و تۆڵە دەکەنەوە".
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەستی بە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری گەورەی ئێراندا گرتووە، ئەوەش دوای ئەوە هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا ببڕێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڤیدیۆی ساتی هێرشەکەیان بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکە بڵاوکردەوە.
کەشتییە ئێرانییەکە ناوی تۆسکایە، درێژییەکەی 295 مەترە، پانییەکەی 32 مەترە و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 66 هەزار تۆنی هەیە.