دایک و باوکی دەرهێنەرە ئێرانییەکە کچ و زاواکەی خۆشیان پارچەپارچە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای کوشتنی کوڕەکەیان و پارچەپارچەکردنی تەرمەکەی، پۆلیسی تاران دەڵێت دایک و باوکی بابەک خۆڕەمدین پێشتر بە هەمانشێوە کچێک و زاواکەی خۆیان کوشتووە و لەنێو زبڵدا فڕێیان داون.
راگەیاندنەکانی ئێران رۆژی یەکشەممە بڵاویان کردەوە، بابەک خۆڕەمدین، دەرهێنەری سینەما و مامۆستای زانکۆ، لە گەڕەکی ئیکباتانی تاران کوژراوە. لێکۆڵەری پۆلیس بۆی دەرکەوتووە تەرمەکەی پارچەپارچە کراوە و لە چەند شوێنێک لەنێو زبڵدا فڕێدراوە.
بابەک خۆڕەمدین ساڵی 1974 لە تاران لە دایکبووە، لە زانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران خوێندوویەتی، ساڵی 2010 بۆ خوێندن چووەتە لەندەن. ئەو چەندین فیلمی کورت و درێژی بەرهەمهێناوە، کە بەناوبانگترینیان "پرسەنامەیەک بۆ یاشار"ە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی رۆکنا، سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە لە گەڕەکی ئیکباتانی تاران تەرمی پارچەکراوی پیاوێک لە سەتڵێکی زبڵدا دۆزرایەوە، لێکۆڵەری دادگای تاوانی تاران و تیمێک لە پۆلیسی تاران، دوای 6 کاژێر بۆیان دەردەکەوێت، ئەو کەسە بابەک خوڕەمدینە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، لە لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دایک و باوکی کوژراو دان بە تاوانەکەیاندا دەنێن کە حەبی خەویان بە بابەک داوە، بێهۆشیان کردووە و باوکی چەند چەقۆیەکی لێداوە، دواتر بۆ ئەوەی شوێنەواری تاوانەکە ون بکات، بردوویەتییە حەمام و لەوێ پارچەپارچەی کردووە.
باوکی بابەک، کە ناوی ئەحمەدە و تەمەنی 81 ساڵە، گوتوویەتی: "شەوی هەینی دایکی مریشکی دروستکردبوو، دەرمانی بێهۆشیمان تێکردبوو. کاتێک خواردنەکەمان لە پێشی دانا، نەیخوارد و چووە ژوورەکەی، بۆیە خواردنەکەمان لە فرێزەر دانا. رۆژی دواتر نزیک نیوەڕۆ هەستا، دیسان خواردنەکەمان بۆی هێنایەوە. ئەمجارە مریشکەکەی خوارد و لەبەر دەرمانی بێهۆشییەکە گێژ ببوو. بۆیە لەسەر کورسییەکە قاچەکانیم بەستەوە و دواتر چەند چەقۆیەکم لێدا و کوشتم".
باوکی بابەک درێژە بە گێڕانەوەکە دەدات و دەڵێت: "هەر ئەو کاتە لەگەڵ هاوژینەکەم تەرمەکەمان بردە حەمام و لەوێ پارچەپارچەمان کرد. پێشتر سێ جانتامان ئامادەکردبوو، تەرمەکەمان خستەنێو جانتاکان و کاژێر 12ی شەو بردمانە دەرەوە".
بەپێی ڤیدیۆیەک کە ماڵپەڕی مەشرق بڵاوی کردووەتەوە، دایک و باوکی بابەک چەندین جانتا رادەکێشنە نێو ئەسانسۆر و تەرمە پارچەکراوەکە دەگوازنەوە. ئەوان تەرمەکە لە سێ گەڕەکی تاران، واتە ئیکباتان، سادقیە و مەیدانی سەنعەت فڕێ دەدەن.
بەپێی راپۆرتی رۆژی 19ی مەی 2021ی هەمشەهری ئۆنلاین، باوکی بابەک گوتوویەتی: "لەگەڵ کوڕەکەماندا ناکۆکیمان هەبوو و هەرچەندە دەرهێنەر و مامۆستا بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەڵسوکەوتی لەگەڵمان خراپ بوو و تەنانەت هەندێجار لە من و دایکیشی دەدا".
باوکی گوتوویەتی: "بابەک فێرخوازە کچەکانی دەهێنایەوە ماڵەوە، دەیبردنە ژوورەکەی و دایکی ناچار دەکرد میواندارییان بکات. ئەو بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکردین وەک ئەوەی باربین بەسەر شانییەوە، ئابڕوومانی خستبووە مەترسییەوە".
دایکیشی دەڵێ: "بابەک ژیانی لێ تاڵ کردبووم، پەیوەندیی ناشەرعی لەگەڵ ژمارەیەک زۆری کچدا هەبوو، ئەوانی دەهێنایە ماڵەوە". هەر ئەمەش ئەوانی هەراسان کردبوو، بۆیە پلانی کوشتنیان دانا.
رۆژنامەی هەمشەهەری لەگەڵ دراوسێکانی ماڵی باوکی بابەکدا قسەی کردووە ئەو قسانەی دایک و باوکی رەتدەکەنەوە. ژنێکی دراوسێیان دەڵێت: "بابەک دۆستی زۆر نزیکی کوڕەکەم بوو. ئەوان لە منداڵییەوە دۆست بوون. پێکەوە دەچوونە قوتابخانە. لەم دواییانەشدا پێکەوە پاسکیلیان لێدەخوڕی".
ئەو ژنە هەروەها دەڵێت: "بابەک کوڕێکی زۆر چاک بوو. زۆر ئارام بوو و رێزی خەڵکی دەگرت. کوڕەکەم دۆستایەتی هەموو کەسێکی نەدەکرد، هەر بۆیە دڵنیام بابەک ناخ و دەرەوەی وەک یەک بوو. کوڕەکەم هەمیشە باسی چاکەی دەکرد، بۆیە باوەڕ بەو شتانە ناکەم کە لەسەر ئەو دەگوترێن".
یەکێک لە کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاری ئەو باڵەخانەیەی ماڵی بابەکی تێدا بووە، بە هەمشەهری گوتووە، بابەک زۆر تێکەڵاوی خەڵک نەبوو. لەگەڵ خەڵکێکی زۆری هاتووچۆی نەدەکرد و قەت نەیدیتووە لەگەڵ کچی جۆراوجۆردا هاتووچۆ بکات".
یەکێک لە فێرخوازەکانیشی گوتوویەتی: "هێشتا باوەڕ ناکەم مامۆستاکەمان ئەمە چارەنووسی بووبێت. ئێمە لە پۆل هیچ شتێکمان جگە لە هێمنی لەو نەدیت. هەندیجار هێندە سەبر قسەی دەکرد کە دەنگمان نەدەبیست. قەت تووڕە نەدەبوو و زۆر بە ئابڕوو بوو".
یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی باوکی بابەک دەڵێت: "بابەک خوشکێکی هەبوو ناوی ئازیتا بوو، چەند ساڵ لەمەوبەر ژیانی هاوژینی پێکهێنا، بەڵام دواتر لە هاوژینەکەی جیابووەوە لەو کاتەوە نە ئازیتامان بینی نە هاوژینەکەی".
محەممەد شەهریاری، سەرپەرشتی دادگای تاوانەکانی تاران دەڵێت: "دایک و باوکی بابەک دانیان بە دوو تاوانی دیکەی کوشتندا ناوە کە ساڵی 2011 زاواکەیان و ساڵی 2018ش کچەکەیان کوشتووە".
بەگوتەی محەممەد شەهریاری، باوکی بابەک گوتوویەتی کچ و زاواکەی گیرۆدە ماددە هۆشبەرەکان بوون و لەبەر "کاری نائەخلاقی" ئەوانیان کوشتووە و دواتر تەرمەکانیان پارچەپارچە کردوون. ئەوان گوتبوویان، کچ و زاواکەیان لە دەرەوەی وڵات دەژین.
دایکی بابەک، کە 74 ساڵە، لە کاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتوویەتی لە کوشتنی کوڕەکەی پەشیمان نییە: "چونکە ئابڕووی بردبووین".