سوپای پاسداران 67ـەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"، بە مووشەکی بالیستی و درۆن، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران،  ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "شەست و حەوتەمین شەپۆلی" ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"یان بە ناوی (یا ساحب الزمان) دەستپێکردووە. سوپای پاسداران دەڵێت، ئەم هێرشەیان وەک تۆڵەیەک بۆ عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی پێشووی سوپاکە کردووە، کە پێشتر لە هێرشێکدا کوژرا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم شەپۆلەدا بنکەی ئاسمانیی "عەلی سەلیم"، ناوەندی فەرماندەیی درۆنەکان، بنکەی چاککردنەوەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کراونەتە ئامانج.
 
هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە رێگەی سیستەمی مووشەکیی مەودا مامناوەند و مەودا دوورەوە، رادارەکانی هۆشداریی پێشوەختەی مووشەکی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکییان لە "بنکەی وەفا" بە وردی پێکاوە.
 
بەپێی گوێرەی بەیاننامەکە، تەنیا بنکەکانی ئەمریکا ئامانج نەبوون، بەڵکو ناوەندەکانی مانگی دەستکرد، رادار و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ناوەڕاست، باشوور و باکووری ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە زمانێکی تووند هێرشی کردووەتە سەر سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاندووە: "هەمان چارەنووسی سەددامی ستەمکار، چاوەڕێی ترەمپ و نەتەنیاهووی تاوانبار دەکات." هەروەها جەختی کردووەتەوە کە لەم جەنگەدا شکست بۆ ئەوان نییە و "سەرکەوتن نزیکە."
 
هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، ئێرانیش هەر هەمان رۆژ بە مووشەکی بالیستی و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە.
 
بەپێی داتاکانی پەیمانگەی جوو بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە ماوەی 20 رۆژی جەنگەکەدا ئێران 467 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کردووە.