موجتەبا خامنەیی سەرەخۆشی لە مەسعود پزیشکیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی وڵاتەکە، سەرەخۆشی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکات و داوای چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان دەکات.
رۆژی هەینی 20-3-2026، موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی فەرمی دا بە بۆنەی کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران سەرەخۆشی لە مەسعود پزیشکیان کرد و رایگەیاند: "سەرەخۆشی لە ئێوە و دەستەی وەزیران و کارمەندانی وەزارەتی ئیتلاعات دەکەم."
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ پێویستە بۆشایی نەبوونی وەزیری پێشوو بە "هەوڵی دوو هێندەی" بەرپرسان پڕبکرێتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت "ئارامی لە دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی زەوت بکرێت" و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی ئێران دابین بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 18ـی ئازاری 2026 سەرۆککۆماری ئێران کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی کابینەکەی راگەیاند، کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە تاران کوژرا.