لە قەزوین دەست بەسەر 468 چەکدا گیرا و 80 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای قەزوین رایگەیاند، لە چەند بازگەیەکی هێزەکانی بەسیجدا دەست بەسەر سەتان چەکی سارد و جبەخانەی جەنگیدا گیراوە و زیاتر لە 80 کۆچبەری نایاساییش دەستگیرکراون.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن بازگەکانی هێزەکانی بەسیجەوە دەست بەسەر 468 چەکی سارد، شۆکەری کارەبایی، سپرا و 30 گوللـەی کڵاشینکۆڤدا گیراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو چەکانە بڕیاربووە لە رێگەی جیاوازەوە رەوانەی پایتەخت [تاران] بکرێن، بەڵام بەهۆی وریایی هێزەکانی بەسیج لە بازگەکاندا، دەستیان بەسەردا گیراوە و تۆمەتباران رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکە کراون."
 
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 80 هاووڵاتیی بیانیی نایاسایی لەلایەن هەمان بازگەکانی بەسیجەوە لە پارێزگای قەزوین دەستگیرکراون.
 
هاوکات سوپای پاسداران لە پارێزگای (کۆهگیویە و بۆیەر ئەحمەد) رایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئەورووپییان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر دام و دەزگە هەستیارەکانی ئێران دەستگیرکردووە و بە ناوی گەشتیارەوە سەردانی ئێرانی کردووە.
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاووڵاتییە ئەورووپییە لەلایەن کەسێکەوە لە شارێکی ئێران نیشتەجێ کراوە و سیمکارت و چەند مۆبایلێکی بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی پێبووە.