بانکی ناوەندیی ئێران: یەک ملیۆن کەس لە نۆرەدان بۆ وەرگرتنی قەرزی هاوژینی و منداڵبوون
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێ، یەک ملیۆن کەس لە نۆرەدان بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکیی هاوژینی و منداڵبوون، بەڵام بودجەی پێدانی قەرز خەریکە تەواو دەبێ و کەمتر لە 14٪ـیان قەرزەکەیان پێدەدرێ.
سارا جەلالی، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، نزیکەی 500 هەزار کەس لە نۆرەدان بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکیی هاوژینی و هەمان ئەو ژمارەیەش رێوشوێنەکانی وەرگرتنی قەرزی منداڵبوونیان تەواو کردووە، بەڵام تەنیا 40 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 308 ملیۆن دۆلار) بودجە ماوە بۆ پێدانی قەرز لەم ساڵی هەتاویدا.
بە گوتەی جەلالی، ئەو 40 تریلیۆن تمەنە بەشی پێدانی قەرز بە 134 هەزار کەس دەکات و پێدانی قەرزەکە بە زیاتر لە 860 هەزار کەسی دیکە دەمێننەوە بۆ ساڵ یان ساڵانی داهاتوو.
جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێ، ئەم ساڵ 203 تریلیۆن تمەن (زیاتر لە یەک ملیار و 560 ملیۆن دۆلار) بۆ پێدانی قەرزی هاوژینی و منداڵبوون تەرخان کراوە.
حکومەتی ئێران چەند ساڵێکە بە مەبەستی هاندانی گەنجان بۆ پێکهێنانی هاوژینی و هاندانی هاوژینەکان بۆ منداڵ خستنەوەی زیاتر، قەرزی بانکییان پێدەدات.
ئەم ساڵ بڕی قەرزەکە بۆ هاوژینەکان بەپێی تەمەنیان لەنێوان 300 تاوەکو 350 ملیۆن تمەن و بۆ منداڵبوونیش لەنێوان 40 بۆ 220 ملیۆن تمەنە بەپێی ژمارەی منداڵەکانی هەر خێزانێک. سووی بانکیی ئەو قەرزە 4٪ـە و ئەوانەی وەریدەگرن دەتوانن لە 10 ساڵدا و بە قست بیگەڕێننەوە بۆ بانکەکان.