لە ئێران رێژەی لەدایکبوون لە 40 ساڵی رابردوو 600٪ دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
گەشەی دانیشتووانی ئێران لە 15 ساڵی داهاتوودا دەگاتە سفر. ئەمە یەک لە قەیرانە رژدییەکانی ئێستای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی دانیشتووانی بەساڵاچوو زیاد دەکات و رێژەی لەدایکبوون کەم دەبێتەوە.
نووسینگەی تەندروستیی خێزان و ژمارەی دانیشتووانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت؛ رێژەی لەدایکبوون لە 40 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 600٪ دابەزیوە. ساڵی 1981 رێژەی لەدایکبوون لە ئێران 6.8٪ بووە کە ئەو رێژەیە ئێستا گەیشتووەتە 1.7٪. ساڵی 2016، لە ئێران یەک ملیۆن و 570 هەزار منداڵ لەدایکبوون کە ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019دا دابەزیوە بۆ یەک ملیۆن و 196 هەزار منداڵ لە ساڵی 2020یش یەک ملیۆن و 120 هەزار. لە ماوەی ئەو 5 ساڵەدا رێژەی لەدایکبوون 25٪ دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت لە 15 ساڵی داهاتوودا ئەو رێژەیە بگاتە 100٪.
پسپۆرانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران هۆکاری دابەزینی رێژەی منداڵبوون لەنێو خێزانەکاندا دەگەڕێننەوە بۆ خراپیی باری ئابووری، کە هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەی هاوسەرگیری. ئێستا حکومەت هەوڵدەدات لە رێگەی پێدانی قەرزی بانکییەوە هانی گەنجان بدات هاوسەرگیری بکەن و منداڵ بخەنەوە.
ئەمیرحوسێن بانکی پوو، سەرۆکی کۆمسیۆنی پلانی گەنجێتی ژمارەی دانیشتووانی ئێران لەو بارەوە دەڵێت، "پلانێکمان داناوە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک لەنێو هاوژینەکاندا بۆ هێنانەدنیای سێیەم منداڵ، ئەویش ئەوەیە زەویی 150 بۆ 200 مەتری دەدەینە ئەو کەسانەی منداڵی سێیەمیان لەدایکدەبێت. ئەو پلانە بۆ هەموو خێزانەکانە، بەڵام زۆرتری ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە لەو شارانەدان کە ژمارەی دانیشتووانی لە 500 هەزار کەسە. هەڵبەت بڕە پارەیەکییان بە نرخی حکومی لێدەستێنین، بەڵام بەشێوەی قیست و لە ماوەی 6 ساڵدا. ئەم پلانە دەبێتە پشتیوانێکی زۆر باش بۆ خێزانەکان کە نەترسن و منداڵی زۆرتریان هەبێت".
بەپێی راپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە تەنیا خێزانەکانی 6 پارێزگا رێگە دەدەن 2 منداڵیان ببێت و ئەو 25 پارێزگایەی دیکە یان حەز بە منداڵ ناکەن، یان تەنیا بە یەک منداڵ رازین. پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەنێو ئەو 25 پارێزگایەدان. ئەو بێمەیلییەی خێزانەکان بە نەبوونی منداڵ دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە ماوەیەکی زۆر کەمدا.