پەرلەمانتارێکی ئێران: هیچ بڕیارێک بۆ لابردنی سنووردارییەکانی ئینتەرنێت نییە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی کولتووری پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، بەهۆی دۆخی ئەمنی وڵاتەکەیانەوە هیچ بڕیارێک بۆ لابردنی سنووردارییەکانی سەر ئینتەرنێتی جیهانی نییە. دەشڵێت: "ناڕەزاییەکی زۆر لەبارەی پچڕانی ئینتەرنێتەوە نییە."
 
عەلی یەزدی خواە، جێگری سەرۆکی لیژنەی کولتووری پەرلەمانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیاری پچڕانی ئینتەرنێتی جیهانی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە دراوە. ئەو پەرلەمانتارە هۆکاری بەردەوامیی ئەو سنووردارییانەی بۆ "پاراستنی ئاسایشی وڵات و گیانی خەڵک" گەڕاندەوە.
 
"ئینتەرنێتی پرۆ بۆ یەک ملیۆن کەس"
 
سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، یەزدی خواە بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئێستا زیاتر لە 90%ـی پێداویستییەکانی خەڵک (لە رێگەی ئینتەرنێتی ناوخۆییەوە) دابین دەکرێت و ناڕەزاییەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە ئاشکراشی کرد کە ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس "ئینتەرنێتی پرۆ" بەکاردەهێنن. 
 
ئینتەرنێتی پرۆ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تایبەتە کە رێگەپێدانی بۆ دەکرێت و تەنیا بە کەسانی دیاریکراو دەدرێت، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی و بەکارهێنەرانی ئاسایی ئەو جۆرە دەستڕاگەیشتنەیان پێ نادرێت.
 
بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی "نێت بلۆکس - NetBlocks" کە چاودێریی باری ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، ئەمرۆ 83 رۆژە ئینتەرنێتی جیهانی لە ئێران بە رووی بەکارهێنەراندا پچڕاوە یان بە تووندی سنووردار کراوە.
 
دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران، حکومەتی ئەو وڵاتە پەنای بۆ پچڕاندنی ئینتەرنێت و فلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان بردووە، ئەوەش رووبەڕووی رەخنەی تووندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە.