کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان توانای کڕینی شیر و بەرهەمەکانییان نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی قەیران. یەک لەو خۆراکانە کە بە پێویستیی سەر سفرەکانی خەڵک دادەنرێت، شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانە کە دوای گرانبوونی چەند هێندەیی نرخەکەی، وەزیری کشتوکاڵی ئێران دوو هەفتە پێش ئێستا رایگەیاند، نرخەکەی 10 بۆ 15% دادەبەزێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خۆراکییە نەک هەرزان نەبووە، بەڵکو لەدوای ئەو بەڵێنە، گرانتریش بووە.
گرانبوونی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک نەتوانن چیدیکە ئەو خۆراکییە پێویستە بەکاربێنن. ئەوەش زیانی لە فرۆشیاران و بەرهەمهێنەران داوە و رێژەی فرۆشی ئەو خۆراکییەی لە دووکانەکانیان تەواو کەم کردووەتەوە.
یەکەم چینێک کە پێش هەموو چینەکانی دیکە وازیان لەو خۆراکییە هێناوە، کرێکاران و ئەوانەن کە حەقدەستی رۆژانەیان بەشی ئەوە ناکات بیر لە بردنەوەی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بۆسەر سفرەی خێزانەکانیان بکەنەوە.
بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان پێیانوایە بڕیارەکەی وەزیری کشتوکاڵ تەنیا وەکو قسە ماوەتەوە و بەهۆی کێشەی ئاژەڵداران بۆ دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵەکانیان و کێشەی بوارەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و نرخەکان بەردەوام روو لە هەڵکشان دەبێت.
ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایەمین راپۆرتیدا باس لەوە دەکات، بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان بووەتە هۆی نەمانی چەندین خۆراکی سەرەتایی وەکو هێلکە و شیرەمەنی لەسەر سفرەی خەڵک و تەشەنەسەندنی زیاتری بەدخۆراکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.