فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کۆتاییهات

 
رووداو دیجیتاڵ 

رێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بەڕێوەچوو؛ براوەکانی خولی شازدەیەم لە هەشت بەشی ئازاد، نێودەوڵەتی، منداڵان و نەوجەوانان، ئایینی، نڤیشکانان، فیداکاری، نمایشکردنی جیاواز و بەشی خەڵکیـدا، خەڵاتی ئەکتەری، دەرهێنەری، مۆسیقا، دیزاینی جلوبەرگ و چەند بابەتی دیکەیان پێبەخشرا.
 
لە نێو 16 شانۆی نێودەوڵەتیدا، خەڵاتی دیپلۆمی فەخری و پەیکەری تایبەتی فێستیڤاڵ بەخشرایە ئاوات جەلال، دەرهێنەری شانۆی سێوی 21 کە لە قەزای چەمچەماڵی باشووری کوردستانەوە بەشداری ئەم خولەی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوانی کردبوو.
 
ئەم ساڵیش وەکو هەموو ساڵانی دیکە، لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە، شانۆی سەرشەقام بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو کە لە نێویاندا، چەندین شانۆیی لە پارێزگاکانی هورموزگان، گیلان، ئیسفەهان و چەند پارێزگایەکی دیکە، براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، ئەکتەر و چەند بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە بوون.
 
جەواد زاکری، شانۆکارێکی هورموزگانە و دەڵێت، "کارەکەی ئێمە، کارێکی سەرشەقام بوو بە ناوی 'غەوس'. غەوس چیرۆکێکی کۆنی ناوچەکەی ئێمەیە لە هورموزگان. پێشتر لەو ناوچانە ئەگەر گەنجێک بیویستایە داوای کچێک بکات، کەسوکاری کچە بۆ ئەوەی هەڵیسەنگێنن، رێگەی سەختیان دەخستە بەردەمی. دەبوو بچێتە دەریا، دوڕ بێنێ بۆ کچەکە و بیسەلمێنێت کە چەنێک کچەکەی خۆش دەوێت. بەوە تاقیییان دەکردەوە. بەشێکی زۆر لە گەنجانی ئێمە چوونە دەریا و نەگەڕانەوە و زۆرێکیشیان گەیشتنە ئاواتەکانیان و لە بنکی دەریاوە، دوڕیان بۆ بووکەکەیان هێنایەوە."
 
بەشێکی زۆری خەڵاتکراوان، لە چەندین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بەشداربوون و باس لە ئاستی باڵای بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە، دەکەن. رەنگە هەر ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی بیر لە ئایدیای تایبەت بۆ شانۆییەکەیان بکەنەوە.
 
بێهنام کاوە، ئەکتەری شانۆیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بابەتی شانۆییەکەی ئێمە سەبارەت بە ساتەکانی کۆتایی ژیانی مرۆڤەکانە کە پێش ئەوەی ئەم جیهانە جێبهێڵین، هەوڵبدەین کردەوەمان باش بێت، مافی کەس پێشێل نەکەین، درۆ نەکەین. بەشێکی زۆریشی سەبارەت بە شەڕ بوو کە تەنیا منداڵانی نازدار خەریکن لەنێو دەچن. شەڕ نەکرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاشتی و سەرکەوتن لە جیهاندا ببینین".
 
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان یەک لە گەورەترین فێستیڤاڵە هونەرییەکانە لە سەر ئاستی ئێران کە زیاتر لە 16 ساڵە لە مەریوان دەستیپێکردووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی بواری شانۆ، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا.