لە خۆپێشاندانەکانی ئێران 572 کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران دوایین ئاماری قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی سێ مانگی رابردووی ئێرانی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە گیانلەدەستدانی 506 خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆ و لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان دەکات. هاوکات ئاماژە بە کوژرانی 66 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش دەکات. بەوەش بە کۆی گشتی 572 کەس کوژراون.
بەپێی نوێترین ئاماری ناوەندی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە "هەرانا"، لە ماوەی 93 رۆژی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20-12-2022، لە خۆپێشاندانەکاندا 506 کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و ئەشکەنجە و لێدان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو ئامارە، 69 کەس لە خۆپێشاندەران تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵان بووە کە تێیاندا منداڵی تەمەن 9 ساڵیشی هەیە. ئامارەکەی هەرانا باس لەوە دەکات، لەو ماوەدا 18 هەزار و 457 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون کە لەو ژمارە پێناسەی چوار هەزار و سێ کەسیان پشتڕاست کراونەتەوە.
لە ماوەی 93 رۆژدا لە 161 شاری ئێران خۆپێشاندان بەردەوام بووە و هەزار و 194 گردبوونەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون. لەو ماوەشدا لە 144 زانکۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان کراوە و 652 خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەرکراون. هەروەها کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران باس لە کوژرانی 66 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لە خۆپێشاندانەکاندا دەکات.