ئێران سیاسەتی سەربازیی خۆی لە 'بەرگرییەوە بۆ هێرش' دەگۆڕێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ستراتیژیی سەربازیی وڵاتەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەمەودوا لەجیاتی "بەرگری" هێرش دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-03-2026 لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندە لە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، "سیاسەتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ پاراستنی خاکی وڵات گۆڕاوە؛ ئێمە تاکتیکەکانی مەیدانی جەنگمان لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەر گۆڕیوە."
ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی جۆری نوێی چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو. ئەو دەڵێت، "ئەم چەکە نوێیانە هاوکێشە و ئەژمارەکانی دوژمن لە مەیدانی جەنگدا بە تەواوی تێکدەدەن."
لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەوەی تاوەکو ئێستا لە مەیدانەکانی جەنگدا بینراوە، تەنیا بەشێکی کەمی تواناکانی ئێرانە و لە داهاتوودا "سوپرایزی نوێ" بۆ نەیارەکانیان ئاشکرا دەکەن.