وەزیری نەوتی ئێران رەتیدەکاتەوە کەموکوڕی لە دابەشکردنی سووتەمەنیدا هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران دڵنیایی دەداتە خەڵکەکەی لە سووتەمەنیی پێویست و نەبوونی کەموکوڕی لە دابینکردنی، ئەوەش پاش زیاتر لە سێ هەفتە لە جەنگ وڵاتەکە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران دڵنیایی دەداتە خەڵکی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی سووتەمەنی و رایدەگەیێنێت، پرۆسەی دابینکردنی وزە بەردەوامە و هیچ قەیرانێکیان لەو بوارەدا نییە.
 
پاکنەژاد نایشارێتەوە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، گوشار خستنە سەر خەڵک بووە لەڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنییەوە، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت، "سەرەڕای ئەو هەوڵانە، هیچ جۆرە کەموکوڕییەک نییە لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سووتەمەنیدا و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە."
 
ئەم قسانەی وەزیری نەوتی ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دایە ئێران کە ئەگەر تەنگەی هورمز نەکاتەوە، هێرش دەکەنە سەر وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە.